ئەنجامی پشكنینی نزیكەی 200 كەسی دانیشتووی سۆران و سیدەكان ئاشكرا كرا
تائێستا پێنج كەسی دانیشتووی دەڤەری سۆران تووشی كۆرۆنا بوونە
K24 - سۆران
دوای ئەوەی دوو كەس لەناو سۆران و سێ كەس لە ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، تیمەكانی تەندروستی دەستیان بە پشكنین كرد، ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران ئەنجامی پشكنینی نزیكەی 200 كەسی ئاشكرا كرد، كە سەرجەمیان نێگەتیڤ دەرچووە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران لە راگەیەندراوێكدا لە زاری بەرپرسی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "دوای وەرگرتنی 182 نموونە پشكنین لە سیدەكان و ھاووڵاتیانی گەڕاوەی دەرەوە سەرجەمیان نێگەتیڤ دەرچوون".
تائێستا 5 كەس لە دەڤەری سۆران تووشی كۆرۆنا بوونە، كە سێ لەو كەسانە دانیشتووی ناحیەی سیدەكانن و بەركەوتووی تووشبووەكانی گەڕەكی كارێزانی ھەولێرن، ھەروەھا دوو كەسی دیكەیان دانیشتووی گەڕەكی ھەندرێنی قەزای سۆرانن.