ژمارەیەك تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە ھەولێر رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە

زیاتر لە 130 بەركەوتوو كەرەنتین كراون

K24 - ھەولێر

بڕیارە لەم دوو رۆژەدا ژمارەیەك تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەولێر رەوانەی ماڵەوە بكرێنەوە.

حاجی فەیزوڵڵا محەمەد، بەڕێوەبەری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە دوێنێوە كە چەند گەڕەكێكی ھەولێر كەرەنتین كراون، پشكنین بۆ زیاتر لە ھەزار كەس كراوە، چاوەڕێ دەكەین ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینەكانیان دەرچێت".

روونیكردەوە: "زیاتر لە 130 كەس كەرەنتین كراون كە بەركەوتەیان لەگەڵ تووشبووەكان ھەبووە".

ئاشكراشی كرد: "باری تەندروستی سەرجەم تووشبووان جێگیرە و لەم دوو رۆژەدا زیاتر لە 10 نەخۆشی دیكە رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە".

لەبارەی ئەو قوتابیانەی لە چەند رۆژی رابردوو لە دەرەوە گەڕاونەتەوە ھەولێر، حاجی فەیزوڵڵا محەمەد گوتی: "رۆژی یەكشەممەی داھاتوو كاتی كەرەنتینی ژمارەیەكیان تەواو دەبێت و دوا پشكنینیان بۆ دەكەن".