تەندروستی ھەولێر: بۆ ئەوەی دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرنەچێت دەبێ ھاووڵاتییان ھاوكاربن
پشكنین بۆ 400 كەسی دیكە كراوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر رایدەگەیەنێت، تیمەكانیان بەردەوامن لە ئەنجامدانی پشكنین بۆ ھاووڵاتییان و بازنەكە بەرفراوانتر دەبێت، بۆ ئەوەی دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرنەچێت دەبێ ھاووڵاتییان ھاوكاربن و لە ماڵ بمێننەوە.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە دوێنێوە پشكنین بۆ 400 كەس لە چەند گەڕەكێكی ھەولێر كراوە، ئەنجامی 14 كەس پۆزەتیڤ دەرچوو كە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان. ئەو كەسانە بەركەوتەیان ھەبووە تووشبووەكانی پشتر".
ئاماژەی بەوەشدا: "سەرەتا پشكنین بۆ كەسە نزیكەكان دەكرا، بەڵام ئێستا بازنەكە بەرفراوانتر دەبێت لە ھەر گەڕەكێك بەركەوتە ھەبێت پشكنین بۆ كەسانی دیكەش دەكرێت، پێویستمان بەوە ھەیە بە وردی پشكنین بۆ خەڵك بكەین".
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەموو ئامادەكاریەك كراوە بۆ ھەر ئەگەرێك كە ژمارەی تووشبووان زیاتربێت، بەڵام ئەوە بە یەك لایەن ناكرێت، دەبێ ھاووڵاتییان لە ماڵەوە بمێننەوە و ھاوكاری تیمە تەندروستییەكان بن، تیمەكانمان بەردەوام بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان لە كاركردنن".
جەختیكردەوە: "پێویستە ھاووڵاتییان لە ماڵەوە بمێننەوە و بۆ ئەوەی دۆخەكە لە دەست دەرنەچێت و كۆنترۆڵی بكەین".
د. دلۆڤان محەمەد راشیگەیاند: "تیمەكانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی بەركەوتەیان لەگەڵ دانیشتووانی گەڕەكی كارێزان ھەبووە".