فلۆرێنتینۆ پێرێز بەهۆی یاخیبوونی تۆنی کرووس تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت

بەشێکی یاریزانانی ریال مەدرید دژی بەرپرسانی یانەکەیان هاتنە دەنگ

خەریکە ریال مەدرید تووشی هەمان کێشەی بارسێلۆنا بێت و یاریزانەکانی بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەکانیان لێی یاخی ببن.
دوای ئەوەی یاریزانانی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید رەزامەندییان دا مووچەکانیان کەم بکرێتەوە، ئەنجوومەنی لالیگا داوای لە سەرجەم یاریزانان کرد رەزامەندی لەسەر کەمبوونەوەی مووچەکانیان بدەن، بەڵام بەشێک لە یاریزانانی یانەکان دژی کەمکردنەوەی مووچەکانیانن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی یارییەکان پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید نزیکەی 180 ملیۆن یۆرۆ زیانی بەر بکەوێت، گەرچی یانە مەدریدییەکە دۆخی دارایی باشە، بەلام دەیەوێت زیانەکەی کەم بکاتەوە و لەگەڵ یاریزانەکانی دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندیی بدەن مووچەکانیان کەم بکرێتەوە.
لە یەکەم کاردانەوەدا، تۆنی کرووسی ناوەڕاستکاری ئەڵمانی ریال مەدرید رەتیکردەوە بە کەمکردنەوەی مووچەکەی رازی بێت و لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، پێویستە یانەکان مووچەی تەواوی یاریزان و کارمەندەکانیان بدەن و پێویست ناکات کەمی بکەنەوە، چونکە یاریزانەکان خۆیان دەزانن چۆن و کەی کاری خێرخوازیی بکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بەشێک لە یاریزانانی ریال مەدرید دژی کەمکرانەوەی مووچەکانیانن و پێیانوایە پێویستە مووچەی تەواو وەربگرن، بەمەش فلۆرێنتینۆ پێرێز تووشی سەرئێشە دەبێت و پێویستی بەوە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ کاپتنەکانی یانەکە بکات بۆ ئەوەی یاریزانەکان رازی بکات.
رادیۆی کادێنا سێری رایگەیاندووە، بەرپرسانی یانەکە دوو پێشنیاری خستوەتە بەردەم یاریزانەکانیان، ئەگەر یارییەکانی ئەم وەرزە تەواو نەکرێن 20% ی مووچەی یاریزانان ببڕێت، ئەگەر یارییەکانی ئەم وەرزەش لە کاتێکی دیکە تەواو کرا تەنها 12% ی مووچەکانیان کەم بکرێتەوە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو ئێستا چارەنووسی یارییەکانی لالیگا دیار نییە و ئەگەر یارییەکانی ئەم وەرزە تەواو نەکرێن پێشبینی دەکرێت بەشێک لە یانەکان تووشی قەیرانی گەورەی دارایی، چونکە سەرچاوەی گەورەی داهاتی یانەکان بریتییە لە فرۆشتنی بلیتی یارییەکان و مافی پەخشی یارییەکان و سەردانیکارانی یاریگا و مۆزەخانەکانیان.