سه‌رۆك بارزانی: تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕێكخستووەتەوە و هەڕەشەیەكی بەردەوامن

په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانی-یه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی، له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردووی داعش، له‌ سنووری كوڵه‌جۆ، كه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەم جۆرە پەلامارانە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕێكخستووەتەوە و هەڕەشەیەكی بەردەوامن بۆ سەر ئاساییش و ژیانی هاووڵاتیان.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی ڕابردووی كوڵەجۆ ده‌كات و ده‌خوازێت خودای مەزن سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

"بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆچكەی كوڵەجۆ لە گەرمیان دوو پێشمەرگەی سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی ئیسماعیل فارس ڕەسووڵ و سووركێو حەمەڕەشید پاڕەزانی شەهید بوون.

پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی ڕابردووی كوڵەجۆ دەكەم و خودای مەزن سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

ئەم جۆرە پەلامارانە بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕێكخستووەتەوە و هەڕەشەیەكی بەردەوامن بۆ سەر ئاساییش و ژیانی هاووڵاتیان. هەر بۆیەش پێویستە لەناوبردن و ڕێشەكێشكردنی تیرۆر وەك ئەولەوییەتێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بمێنێتەوە.

مسعود بارزانی

8ـی 4ـی 2020"