پارێزگاری سلێمانی رێنمایی نوێ رادەگەیەنێت
كاتەكانی رێگەپێدانیش دیاری دەكات
K24- سلێمانی:
لە گشتاندنێكدا كە ئاراستەی سەرجەم یەكە ئیداریی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كراوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری ئەو شارە چەند بڕیارێكی نوێی خستە روو، كە لە لایەن لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە دەركراون. بڕیارەكانیش لەمانەی خوارەوە پێكدێن:
١ - لە سەعات (12) ی شەو تا سەعات (8) ی بەیانی ڕێگا بە جوتیاران دەدرێت سەردانی کێڵگەو شوێنە کشتوکاڵییەکانیان بکەن، بە مەرجێك یەکێك لەم بەڵگەنامانە پیشان بدەن (گرێبەستی کشتوکاڵی، خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵی بە تاپۆ، مۆڵەتی پڕۆژەکەی، بەڵگەیەکی فەرمیی کە سەلمێنەری کارە کشتوکاڵییەکەی بێت) و پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بن. لە سەعات (4) ی پاش نیوەڕۆ تا سەعات (6) ی پاش نیوەڕۆ رێگەیان پێ دەدرێت بگەڕێنەوە ناوشار، بەهەمان ئەو مەرجانەی سەرەوە.
٢- ئاڵوگۆڕ و هاتوچۆی کۆمپانیاکانی پاسەوانیی (سکوریتی)؛ بەیانیان لە ماوەی دوو سەعاتدا (6 - 8ی بەیانی) و ئێواران لە ماوەی دوو سەعاتدا (6-8ی ئێوارە) دەبێت.
٣ - لە رۆژی (12/ 4/ 2020)ـەوە دەست بە کوتان دژی سیل و هەوکردنی جگەر و ئیفلیجی منداڵان دەکرێتەوە بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لەپێش (20/ 3/ 2020)ـدا لەدایکبوون و لە قۆناغی دووەمدا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە، کە لەدوای ئەو ڕۆژەوە لەدایکبوون، بەشێوەیەك کە خێزانەکان پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکانەوە.
H.B