ئەو یاریزانانەی بەهۆی کورەتاباڵایی و بچووکییەوە هیچ یانەیەک نەیدەویستن

هیچ یانەیەکی فڕەنسی گریزمانی نەدەویست و مێسیش بێ یانە مابووەوە

لیرە بچوکە بەڵام زیڕە، ئەستێرەی زۆر بەناوبانگیش لە تۆپی پێ هەن گەرچی ورد و بچوکن بەڵام ئاستێکی ناوازە پێشکەش دەکەن و لە باشترین یاریزانەکانی جیهانن، کەچی پێشتر بەهۆی بچوکی و وردییەوە پەراوێزخراون.
لیۆنێل مێسی یەکێکە لە دیارترین نموونە باڵایەکان بۆ یاریزانە ورد و بچووکەکان، لیۆ تاکو ساڵی 1997 بە دەردی گەشەنەکردنی هۆرمۆنەکانییەوە دەیناڵاند و هیچ یانەیەک دەرگای بەسەر ئەم کوڕە ئارجێنتینییە نەدەکردەوە، تاکو بارسێلۆنا بڕیاریدا خەرجییەکانی چارەسەرکردنی هۆرمۆنەکانی لیۆ دابین بکات و بیباتە ریزەکانی، کە بلاوگرانا بەهۆی ئەم بڕیارەی سەدان ملیۆن دۆلاری قازانج کرد و مێسی نازناوی گەورەی بۆ بەدەستهێنا و تاکو ئێستاش شەش باڵۆن دۆری بردووەتەوە.

ئاندرێ رۆبێرتسۆنی بەرگریکاری چەپی لیڤەرپوول کە ئێستا یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان، کاتێک تەمەنی 15 ساڵ بوو لەلایەن سێلتیکی سکۆتلەندییەوە بەڕێکرا، چونکە بەرپرسانی یانە سکۆتلەندییەکە پێیانوابوو ئەو بەرگریکارە بچوک و وردە و نابێتە یاریزانێکی باش، بەڵام دوای چەند ساڵێک رۆبیرتسۆن قسە و بۆچوونەکانی پێچەوانە کردەوە.

ئانتوان گریزمانی هێرشبەری فڕەنسیش یەکێکە لەو یاریزانانەی بەهۆی وردی و لاوازی جەستەیەوە هیچ یانەیەکی فڕەنسی نەیگرتەخۆ، بەڵکو ناچار بوو لە ریال سۆسیداد دەست بە کاروانی وەرزشی خۆی بکات، کاتێک گریزمان لە سەرەتای کاروانی یاریکردنیدا بوو پێشکەشی یانەی لیۆنی فڕەنسی کرا بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکات، کەچی ئەو یانە فڕەنسییە بەهۆی وردی و بچوکیەوە گریزمانی رەتکردەوە، بەڵام گریزمان دوو ساڵم لەمەوبەر لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا بووە پاڵەوانی مۆندیالی و سەرجەم یانە فرەنسییەکانی شەرمەزارکرد.

باڵاکورتی بەربەستێکی گەورە بوو لە بەردەم بێرناردۆ سێلڤا، ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵییە لە تەمەنی 19 ساڵییەوە لەلایەن پۆرتۆوە بەڕێکرا، بەرپرسانی یانە پۆرتوگاڵییەکە پێیانوابوو لەبەر لاوازی جەستە و بالاکورتییەکەی سێلڤا ناتوانێت ببێتە ئەستێرەیەکی دیاری تۆپی پێ، کەچی بێرناردۆ لەگەڵ مۆناکۆ درەوشایەوە و ئێستاش یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مانچێستەر سیتی.

خۆردی ئالبای بەرگریکاری بارسێلۆناش لە تەمەنی هەرزەکاری بەهۆی سستی گەشەکردنییەوە لەلایەن ئەکادیمیای لاماسیاوە پشتگوێخرا و سەرپەرشتیارانی ئەکادیمیایەکەی بارسێلۆنا بەڕێیان کرد، پێیانوابوو یاریزانێکی بچوک و وردی وەکو ئالبا بە کەڵکی ئەوە نایەت ببێتە بەرگریکار، کەچی بلاوگرانا ساڵی 2012 پەنجەی پەشیمانی گەست و بە زیاتر لە 15 ملیۆن یۆرۆ لە ڤالێنسیاوە گەڕاندییەوە یانەکەی.