"كوده‌تا به‌سه‌ر بارسێلۆنادا ده‌كرێت"
كێشه‌كانی بارسێلۆنا له كۆنترۆڵ ده‌رچووه
به گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا له نێو ئیداره‌ی بارسێلۆنا هه‌وڵدراوه كوده‌تا به‌سه‌ر بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا دا بكرێت، له به‌رامبه‌ردا بارتۆمیۆ داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نه‌یاره‌كه‌ی نێو یانه‌كه‌ی ده‌كات.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا له ژێر ناونیشانی "لێدانێك له بارتۆمیۆ" نووسیویه‌تی: داوای له جێگره‌كه‌ی و سێ به‌ڕێوه‌به‌ری نێو ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی ده‌كات به زووترین كات ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه و واز له پۆسته‌كانیان بێنن.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه بارتۆمیۆ پێیوایه جێگره‌كه‌ی و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی نێو ئیداره‌كه نیازی ئه‌وه‌یان هه‌بووه كوده‌تای به‌سه‌ردا بكه‌ن و له پۆسته‌كه‌ی دووروی بخه‌نه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا ئیمێلی رۆسۆدی جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا ڕه‌خنه‌ی توند له بارتۆمیۆ ده‌گرێت و به‌هۆكاری كێشه‌كانی بارسێلۆنا وه‌سفی ده‌كات و ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه واز له پۆسته‌كه‌ی بهێنێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه كێشه‌ی قووڵ له نێوان بارتۆمیۆ و ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی هه‌یه و بارتۆمیۆ ده‌رگای وازهێنانی بۆ ئیمێلی رۆسۆدی جێگری كردۆته‌وه و ده‌یه‌وێت دووری بخاته‌وه.
رۆژنامه‌كانی مه‌دریدیش باسیان له هه‌وڵه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی بارتۆمیۆ كردووه، رۆژنامه‌ی ئاس نووسیویه‌تی: تا دێت كێشه‌كانی بارتۆمیۆ له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ی و دوو به‌ڕێوه‌به‌ری دیكه‌ی ئیداره‌ی یانه‌كه ئاڵۆزتر ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌یه‌شه‌وه رۆژنامه‌ی ماركا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كێشه‌كانی ئیداره‌ی بارسێلۆنا له كۆنترۆڵ ده‌رچووه و ره‌نگه ئه‌م كێشانه ببێته هۆی له‌ده‌ستدانی لیۆنێل مێسی و به‌ره‌و یانه‌یه‌كی دیكه بڕوات، به‌تایبه‌تی كه ئێستا ئینته‌ر میلان گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی بۆ ئاماده كردووه.
جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی 57 ساڵان، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014 له شوێنی ساندرۆ رۆسێل به سه‌رۆكی نوێی بارسێلۆنا هه‌ڵبژێردرا، پێشتریش له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی خوان لاپۆرتا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی بارسێلۆنا بووه و به‌ڕێوه‌به‌ری تیپی باسكه‌ی یانه‌كه‌ش بووه.