تەندروستی هەولێر روونکردنەوە لە بارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک دەدات

زیانی بۆ پابەندی هاووڵاتیان هەیە

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە نەخۆشخانەی رزگاری هاتە دەنگ.

یەکێک لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەڕەکی کارێزان، کە بووەتە هۆی تووشبوونی چەندین کەسی دیکە، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە لە نەخۆشخانەی رزگای و دەڵێت، هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی نییە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پێی وایە نەخۆشییەکە نییە.

ئەو نەخۆشە کە لەسەر ئەرکی حکومەت نەخۆشخانەی بۆ دابینکراوە و چاودێریی دەکرێت، لە گرتە ڤیدیۆیەکە چەند نەخۆشێکی دیکە پیشان دەدات کە هەندێکیان منداڵن.

تەندروستی هەولێر دەڵێت،بەداخەوە یەکێك لەم نەخۆشانە گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا نکۆڵی لە دەکات لەبوونی ئەم نەخۆشیە بە بیانووی ئەوەی نیشانەی جەستەیی پێوە دیار نییە کە ئەمەش بۆچوونێکی هەڵە و مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان کە خەڵك هاندەدات بۆ بە هەند وەرنەگرتنی ترسناکی ئەم پەتایە جیهانییە کە هەموو دونیا گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسەن.

پێشتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی ئەوەی داوە، هەندێک کەس نیشانەی نەخۆشییەکەیان نییە، بەڵام هەڵگرن، کە بە "هەڵگری بێدەنگ" ناوی بردوون و لە جیهان بوونەتە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە.

دەقی روونکردنەوەکە

دوابەدوای کەوتنەکاری نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری بۆ پێشوازی کردنی نەخۆشانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، تا ئێستا ۹۲ نەخۆش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری خەوێنراوە و لە ژێرچاودێری پزیشکی دان و خۆشبەختانە باری تەندروستی زۆر بەی هەرەزۆریان جێگیرە وە هیوادارین تا تەواوبوونی ماوەی چارەسەریان لە نەخۆشخانەکەمان هەر سەلامەت بن و باری تەندروستیان بە جێگیری بمێنێتەوە، رۆژانە چاودێری پزیشکی ئەم نەخۆشانە بەردەوامە لەهەمووئاستێکی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەداخەوە یەکێك لەم نەخۆشانە گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا نکۆڵی لە دەکات لەبوونی ئەم نەخۆشیە بە بیانووی ئەوەی نیشانەی جەستەیی پێوە دیار نییە کە ئەمەش بۆچوونێکی هەڵە و مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان کە خەڵك هاندەدات بۆ بە هەند وەرنەگرتنی ترسناکی ئەم پەتایە جیهانییە کە هەموو دونیا گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسەن، وا دەکات هاوڵاتیان لەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان ساردبکاتەوە و خوانەخواستە تووشی کارەساتی مرۆیی ببنەوە.

بۆیە بە پێویستمان زانی هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداربکەینەوە کە هۆشیاربن و نەکەونە داوی ئەم بیروبۆچوونە هەڵانە و دوپاتی دەکەینەوە بە پابەندبوونمان بە ڕێنمایییە خۆپارێزیە تەندروستیەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر کە پشت ئەستورە بەڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زاڵبوونمان بەسەر ئەم پەتایە مسۆگەردەکات.

هیوای سەلامەتیتان بۆ دەخوازین.