پۆلیسێکی هاتووچۆ بڕی 48 هەزار دۆلار بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە
رەتیکردووەتەوە یەک دۆلاری پێبدەن
K24 – ههولێر:
پۆلیسێكی هاتووچۆی شارۆچکەی خورماتوو بە ناوی زەنون کەریم بەرزنجی، لەکاتی ئەرکی خۆیدا بڕی 48 هەزار دۆلار دەدۆزێتەوە و رادەستی خاوەنەکەی دەکاتەوە.
زەنون کەریم دانیشتوی شارۆچکەی خورماتووە، لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە ئەرکی خۆم بووم، جامانەیەکم بینی لەسەر زەوی کەوتبوو، منیش وەستام هەڵمگرتەوە، لە ناویدا ناسنامەیەک و وەرەقەی ئیحالەی نەخۆشخانە و بڕی 48 هەزار دۆلارم دۆزیەوە".
دەشڵێت: "پاش ئەوەی لە رێگای ناسنامەکەوە خاوەن پارەکەم دۆزیەوە، بۆیان باس کردم ئەم پارەیەیان بۆ چارەسەری نەخۆشی داناوە و نیازیان هەبووە نەشتەرگەری بۆ باوکیان بکەن".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو گەنجەی پارەکەی ون کردبوو، لەسەر ماتۆڕسکیل پارەکەی خستبووە نێو جامانەکەوە بیبات بۆ ماڵی باوکی، بەڵام لە رێگە لێی کەوتبوو.
لە بەرامبەردا، خاوەنی پارەكە، بڕی پێنج هەزار دۆلاریان بە زەنون بەخشی، بەڵام ناوبراو ئەو پارەیەی رەتکردەوە.
H.J