لێكۆڵینهوه له رووداوهكهی پردێ دهستپێدەكات
چەند کەسێکی دیکەش لە پشت رووداوەکەن
K24 - كەركووك
حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لە رووداوەکەی شارۆچکەی پردێ لە رۆژئاوای کەرکووک. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە جگە لەو دوو کەسەی دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ئافرەتێکی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت دەرکەوتووە کە چەند کەسێکی دیکەش لە پشت رووداوەکەن، بەگوێرهی زانیارییەکان لیژنەکان دەسەڵاتی تەواویان پێدراوەو چەند ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکووک بەکەمتەرخی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە لەسەر ئەو رووداوە.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هەموو ئەو هەوڵانەی پوچەڵکردەوە کە دەیانویست رووداوەکەی شارۆچکەی پردێ بەیەکجاری دابخرێت.
ئەو ئافرەتەی کە لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی و پۆلیسێک دەست درێژی سێکسی كرایەسەر، خاوەن پێداویستی تایبەتە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەش بە مۆبایل تۆماریان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەوڵی بەلارێدا بردنی بابەتەکە هەیە، بەجۆرێک دەیانەوێت ئاراستەی تاوانەکە لەسەر چەکدارەکەی حەشد هەڵگرن و تەنها یەک کەس لەو دۆسیەدا بهێڵنەوە.
هەردوو کەسەکە کە دەستیان لە تاوانەکە ھەبووە دەستگیرکراون، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، خێزانی پیاوەکە لای پۆلیس تەنها سکاڵای لەسەر ئەو کەسە تۆمارکردوە، کە دەستدرێژی کردوە، نەک ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە.
رێکخراوەکانی ئافرەتان و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر کەیسەکە هاتوونەتە دەنگ، داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە.