ھەڤاڵ ئەبوبەكر قۆناغەكانی داھاتووی ئاساییكردنەوەی ھاتووچۆ ئاشكرا دەكات

"بڕیارەكانمان بۆ پشتیوانی و بەردەوامی قەدەغەی ھاتووچۆیە"

K24 - سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئاساییكردنەوەی ھاتووچۆ بە سێ قۆناغ دەبێت و لە قۆناغی دووەم بڕیار لە كردنەوەی چەند دامودەزگایەك دەدرێت و قۆناغی سێیەمیش كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بڕیارەكانی ئێمە بۆ پشتیوانی و بەردەوامی قەدەغەی ھاتووچۆیە، بۆ رێگریكردنە لە جوڵەی خەڵك، چونكە ھێشتا مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوە".

پارێزگاری سلێمانی ئاشكراشی كرد: "لە قۆناغی دووەم دامودەزگاكانی حكومەت كە پێویستن بكرێنەوە، پێشنیازمان كردووە 30% فەرمانبەرانیان دەست بە دەوام بكەنەوە، ئەو سێكتەر و كارگانەی كە پێویستن ئەگەر ژمارەی كارمەندەكانیان زۆر نەبێت دەكرێ بكرێنەوە، بە جۆرێك ژمارەكە لە 20 كەس زیاتر نەبێت".

لەبارەی قۆناغی سێیەمەوە گوتی: "دەبێ بیر لە كردنەوەی قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان بكەینەوە، كۆتایی قۆناغی سێ جیایە، ئەویش كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانە، كە ھاتووچۆیە لەگەڵ دەرەوەی ھەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لەگەڵ قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راوێژمان كردووە، كۆمەڵێك رێنماییمان دەركردووە، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە سنووری گەڕەكەكان ھەبێت، بە گرتنەبەری رێماییە تەندروستییەكان".

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، جەجتیكردەوە: "ھەموو قۆناغەكان بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریان لێدەدرێت".

ھ.م