ژنێكی رزگاربووی ئەنفال چیرۆكی منداڵبوونی لە نوگرەسەلمان دەگێڕێتەوە
پەرژین محەمەد: لە یەكەم رۆژی گەیشتنمان بۆ نوگرەسەلمان كچەكەم لەدایكبوو
K24 - گەرمیان
32 ساڵ لەمەوبەر لەکاتی پرۆسەی تاوانی ئەنفالدا ژنە گەرمیانیەک جیا لە ئازاری برسیەتی و دەروونی و جەستەیی لەنێو زیندانی نوگرەسەلمان، منداڵی دەبێت، ئەو ژنە سەرەڕای نەبوونی پزیشک و خواردن و ھیچ پێداویستیەک منداڵەکەی بەخێو دەکات و دواتریش بە ھەزار دەردەسەری گەورەی دەکات.
پەرژین محەمەد، رزگاربووێکی ئەنفالە ھێشتا ئەو ساتانەی بیرنەچووەتەوە کە سەربازەکانی بەعس چۆن ئازاریان داوەو مێردەکەیان بۆ ھەتا ھەتایی لێ جیا کردووەتەوە. ئەو چیرۆكە تیراژیاكەی ئەنفالكردنیان دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "سەرەتا ئێمەیان بردە قۆڕەتوو دواتر بۆ تۆپزاوە لەوێشەوە بۆ دبس و پاشان بۆ نوگرەسەلمان، لەوێ باری تەندروستیم تێكچوو، چونكە دووگیان بووم ھەر ئەو رۆژە كچەكەم لە دایكبوو، دوای منداڵ بوونم منیان برد بۆ لای ئەفسەرێك و پێیان گوت كە دۆخەكەم وایە و تازە منداڵم بووە، لە وەڵامدا گوتی "ھەر ئەوە دەتوانین سەمونێكی زیاتری پێبدەین، ئارەزووی خۆیەتی چیدەكات منداڵەكە فڕێدەدات یان بەخێوی دەكات ئەوە كێشەی خۆیەتی"، لەوێ لەم دۆخە خراپەدا ماینەوە كە ھاتینەوەش لەگەڵ شەش منداڵی بێ باوك درێژەمان بەم ژیانە پڕ ئازارەدا".