كاركردن لە شەقامی 150 مەتری دەستیپێكردەوە
"تا كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی پڕۆژەكە دەكرێتەوە"
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆی كاروپڕۆژەكان راگیران، دوو رۆژە كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر دەستیپێكردوەتەوە. بڕیارە بۆ كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی پڕۆژەكە بكرێتەوە.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "وەك پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی ھاتووچۆ، كۆمپانیای جێبەجێكار كارەكانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری راگرتبوو، دوو رۆژە دەستیان بەكاركردووەتەوە و بەمەرجێك كە كارمەند و كرێكارەكان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، بۆ ئەم مەبەستەش دەمامك و دەستكێشیان پێدراوە".
سەرۆكی شارەوانی ھەولێر ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا 60%ی كارەكانی پڕۆژەكە ئەنجامدراوە، لە پلانماندایە بۆ كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، كە زیاتر لە 7 كیلۆمەترە".
گوتیشی: "وەك سەرۆك شارەوانی ھەولێر، لەم رۆژانەدا دەستمان بە چاككردنەوە و قیڕكردنی چەند پڕۆژەیەك كردووەتەوە".
پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی ھەرێمی كوردستان و تاڕادەیەكی زۆر گرفتی ھاتووچۆ لە شاری ھەولێر چارەسەر دەكات.