"داكەوتنی بەرچاو لە ئابووری عێراق تۆماردەكرێت"
سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی پێشبینیەكان دەخاتەڕوو
K24 - ھەولێر
سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەمساڵ داكەوتنێكی بەرچاو لە ئابووری عێراق تۆماردەكرێت.
بەگوێرەی راپۆرتێكی سندوقەكە، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ ئابووری عێراق سستبوونەوەی گەورە بەخۆوە ببینێت، بەڵام بۆ ساڵی 2021 بووژانەوەیەكی بەھێز تۆماردەكات.
ئاماژەی بەوەشدا، كۆی بەرھەمی ناوخۆیی عێراق بۆ ساڵی رابردوو 3.9% بەرزبووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرێژەی 4.7% دابەزێت و سەبارەت بە ساڵی 2021یش، چاوەڕێ دەكرێت بەرێژەی 7.2% گەشەسەندن تۆماربكات.
ھەر لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، ھەڵاوسان لە نرخی بەكاربەر بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە 0.8% و پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی داھاتوو 1.0% بێت و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتە ھۆكار كە تێچووی دانیشتووان لە سەرتاسەری جیھان بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆماربكات. لە ئەنجامدا رێكارەكانی پەیوەست بۆ خۆپارێزی، كاریگەرییە نەرێنییەكانی سەر چالاكی ئابووری زیاتر دەكات.