وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: ئێران لە پەلوپۆ دەخەین

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی واشنتن لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی لەکارخستنی ئابووری بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە ژێر فشاری توندی دارایی و هەموو ئەو گرێبەستە ئابوورییانە رادەگرێت کە پاڵپشتی لە تاران دەکەن.

بێسێنت شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "My View With Lara Trump" لە کەناڵی فۆکس نیوز گوتی: "ئێمە حکوومەتی ئێران لە پەلوپۆ دەخەین. بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو ئەو لایەنە خراپانە دەکەینە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئێران و خۆدزینەوە لە سزاکانەوە هەیە".

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی لەکارخستنی ئابووری بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسف کرد و بە هەڵمەتی "دی-دەی" لە حوزەیرانی 1944 بەراوردی کرد. بێسێنت گوتی: "ئەمڕۆ بە رێنمایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەنجینەی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی لەکارخستنی ئابووری دەستپێکردووە کە هەڵمەتێکی بێ وێنەیە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکارەکانیان. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، دی-دەی دەستپێکی مێژوویی بوو بۆ هەڵمەتێک. ئەمڕۆ، هەر بەو گیانەوە، هێرشێکی ئابووری دەکەینە سەر پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا".

بێسێنت ئامانجی هەڵمەتەکەی بە روونی دیاریکرد و رایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە هەموو ئەو گرێبەستە ئابوورییانە ببڕین کە پاڵپشتی لەم حکوومەتە دەکەن، تا ئەو کاتەی تاران بە تەنیا دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، بێسێنت ئاشکرای کرد، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە شوباتی 2026، پێکهاتەی دەسەڵات لەو وڵاتە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

بێسێنت روونیکردەوە: "ئێمە گۆڕانکاری حکوومیمان نەکرد، بەڵکو حکومەکەمان گۆڕی. چینی یەکەم لەناوچوون، چینی دووەمیش لەناوچوون. ئێستا لە گرووپی سێیەمداین، رەنگە ئەوان بینیبێتیان چی بەسەر ئەوانی دیکەدا هاتووە و دەبینن ترەمپ ئامادەیە چی بکات".

بێسێنت هۆشدارییەکی راستەوخۆی دایە سەرکردایەتی ئێستا لەبارەی ئەنجامی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن و گوتی: "ئەگەر ترەمپ رازی بێت بە رێککەوتنێک، پێیان دەڵێم ئەو بە شێوەی سەربازی و ئابووری جێبەجێی دەکات". ئەو بەرپرسە، هەڕەشەی جێبەجێکردنی وەک رێگرییەک بۆ هەر پاشەکشەیەکی داهاتووی ئێران لە هەر رێککەوتنێکدا وەسف کرد.

سەبارەت بە گۆشەگیری جیهانی و سزاکانی سەر لایەنەکانی سێیەم، بێسێنت بە روونی گوتی: "پەیامی من بۆ هەمووان ئەوەیە کە خۆیان لە ئێران بەدوور بگرن. نابێت کەس پاڵپشتی لەم حکوومە بکات. ئەوانەی خۆیان بە ئێرانەوە دەبەستنەوە، با چاوەڕوانی گۆشەگیری تەواو بکەن. ئەو ئامانجانەی کە لەژێر سزای نوێدان، هێڵە ئاسمانییەکان، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و سامانی دیجیتاڵین. ئێمە لەگەڵ هەر کەسێک کە هاوکاریی ئێران دەکات گفتوگۆ دەکەین، بەڵام هەڵبژاردنەکە روونە: دەتوانن بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بکەن، یان لەگەڵ ئێران. ناتوانن هەردووکیان بکەن".

بێسێنت لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، لەژێر سەرکردایەتی ترەمپدا، ئەمریکا ئیتر هەڕەشەی ئێران بەڕێوە نابات، بەڵکو کۆتایی پێدەهێنێت. سزاکانی ئۆپەراسیۆنی دەرکردنی ئابووری، سیاسەتی سەربازی "کەشتی بەرامبەر کەشتی" و گەمارۆی دەریایی، ئامراز نین بۆ دیپلۆماسیی زۆرەملێ کە دیزاین کرابن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ مێزی گفتوگۆ، بەڵکو ئامرازەکانی گوشاری فراوانن بۆ کۆتاییهێنان بە توانای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دروستکردنی هەڕەشەی هەرێمی.