ئامۆزایه‌كه‌ی مێسی: شوێنگره‌وه‌ی مێسی هێشتا نه‌هاتۆته‌ سه‌رڕووی زه‌وی

ئامۆزاكه‌ی مێسی: حه‌ز ده‌كه‌م مێسی له‌ بارسێلۆنا بڕوات

ئامۆزایه‌كی مێسی كه‌ یاریزانی پیشه‌گه‌ره‌ له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حه‌ز ده‌كات مێسی یانه‌یه‌كی دیكه‌ تاقی بكاته‌وه‌ و به‌ڵام پێیوایه‌ هه‌رگیز شتی وا ڕوونادات، ده‌شڵێـت: یاریزانه‌ ئه‌فسانه‌كان له‌ هه‌ر شوێنێك یاری بكه‌ن هه‌ر باشترینن.

له‌ باره‌ی ئه‌گه‌ری چوونی لیۆنێل مێسی بۆ ئینته‌ر میلان، ماكسی بیانكوچی ئامۆزای مێسی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هه‌رگیز مێسی له‌ بارسێلۆنا ناڕوات.

بیانكوچی به‌ پێگه‌ی FootballNews24ـی گوتی: راستیه‌كه‌ی منیش حه‌ز ده‌كه‌م مێسی بچێته‌ یانه‌یه‌كی دیكه‌ و زۆریش له‌ هه‌وادارانی حه‌ز ده‌كه‌ن مێسی به‌ درێسی یانه‌یه‌كی دیكه‌ ببینن، بۆ ئه‌وه‌ی مێسی وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌وانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ هه‌موو یانه‌ و خولێكی دیكه‌ی وڵاتان یاری بكات.

ئامۆزاكه‌ی مێسی گوتیشی: حه‌ز ده‌كه‌م لیۆنێل مێسی بگه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌ی نیولز ئۆڵدی ئارجێنتینا و حه‌ز ناكه‌م بچێته‌ خولی ئیتاڵیا.

له‌ باره‌ی شوێنگره‌وه‌ی مێسی له‌ داهاتوو، بیانكوچی ده‌ڵێـت: زۆر یاریزانمان هه‌یه‌ كه‌ به‌هره‌مه‌ند و ئاستبه‌رزن، له‌وانه‌ پاوڵۆ دیبالا و لاوتارۆ مارتینێز كه‌ من ئه‌و دوو یاریزانه‌م زۆر خۆشده‌وێت، به‌ڵام له‌ راستیدا هێشتا شوێنگره‌وه‌ی مێسی له‌ دایك نه‌بووه‌، هیچ یاریزانێك ناكرێت به‌ لیۆ به‌راورد بكرێت چونكه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌كی مێژووی تۆپی پێیه‌ و دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌.

ماكسی بیانكوچی ته‌مه‌ن 35 ساڵ، هاوشێوه‌ی لیۆ مێسی ئامۆزای به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ شاری رۆزاریۆی ئارجێنتینا له‌ دایكبوون، بیانكوچی ئێستا بێ یانه‌یه‌ و به‌شی زۆری كاروانی وه‌رزشی له‌ خولی ئارجێنتنا، به‌رازیل و پاراگوای به‌سه‌ر بردووه‌، پێشتر یاری بۆ یانه‌ی فلامینگۆی به‌رازیلی كردووه‌.