كۆرۆنا پاشەكشە بە 58 ملیاردێری جیھان دەكات

لیستی دەوڵەمەندەكان بۆ ساڵی 2020 جێدەھێڵن

K24 - ھەولێر

58 ملیاردێر لە سەرتاسەری جیھان، لیستی دەوڵەمەندەكان بۆ ساڵی 2020 جێدەھێڵن.

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی گۆڤاری فۆربیس، ژمارەی دەوڵەمەندان جیھان بۆ ئەمساڵ بە نزیكەی 58 ملیاردێر لە لیستەكەدا كەمدەبنەوە. بەو جۆرەش ئەو دەوڵەمەندانەی لە ناو لیستەكەدا دەمێننەوە دەگاتە 2 ھەزار و 950 ملیاردێر.

ھەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، بەھای سامانی 51%ی دەوڵەمەندانی جیھان كە لە ناو لیستەكەدان، بەتێكڕای 700 ملیار دۆلار داكەوتووە و كۆی سامانیان گەیشتووەتە 8 ترلیۆن دۆلار بەبەراورد بە ساڵی رابردوو.

سەبارەت بە جیف بیزۆس، دامەزرێنەری ئامازۆن، بۆ سێییەم جاری لەسەر یەكە وەك دەوڵەمەندترین كەسی جیھان دەستنیشاكرا و كۆی سامانی گەیشتووەتە 138 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار. ھۆكارەكەیشی بۆ ئەو خواستە زۆرە دەگەڕێتەوە كە ھەر لە سەرەتای ساڵەوە و بەھۆی كۆرۆناوە لەسەر خزمەتگوزارییەكانی ئامازۆن ھەبووە.