بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رۆژی وەرزشی کوردستان دوادەخرێت

دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە لەمساڵ لە کاتێکی دیکە بەڕێوە دەچێت

رۆژی وەرزشی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت.
رێکخراوی کوردستان سپۆرتس دەی کە سەرپەرشتی چالاکییەکان و پڕۆژدەی دەستنیشانکردنی رۆژی وەرزشی کوردستان دەکات لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە 'هاوشێوەی ساڵی رابردوو وابڕیاربوو لەم مانگە بەبۆنەی رۆژی وەرزشی کوردستان لە سەرتاسەریی کوردستان چەندان چالاکی وەرزشی بەڕێوە بچن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی سەرجەم چالاکی و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان و بۆنەکانی دیکە رۆژی وەرزشی کوردستانیش بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت'.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە 'دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و بەگوێرەی دۆخی کوردستان هەوڵ دەدەین لە کاتێکی دیکەی ئەمساڵ رۆژی وەرزشی کوردستان ئەنجام بدرێت، وەکچۆن لە سەرەتای راگەیاندنی ئەم پرۆژەیەوە بەڵێنماندابوو، بە هاوکاری وەرزشوانان لەسەر هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتیمانییە بەردەوام دەبین'.
رێکخراوی کوردستان سپۆرتس دەی رایگەیاندووە 'لەسەر ئاستی زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە پلان و بیرۆکەی نوێوە ئامادەکاریی تەواو کرابوون بۆ ئەوەی ئەمساڵیش کەرنەڤاڵێکی وەرزشی گەورە بەمبۆنەیەوە بۆ وەرزشوانان و وەرزشدۆستان رێکبخرێت، کە ساڵی رابردوو یەکەم هەنگاو بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی وەرزشی کوردستان نرا'.

هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان ساڵی رابردوو وەکو یەکەم هەنگاو بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی وەرزشی کوردستان، لە رۆژی 20ی نیسان لە سەرتاسەریی کوردستان زیاتر لە 20 چالاکی وەرزشی بەڕێوەچوون و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان چالاکی وەرزشی بەڕێوەچوون'.