دایكی سێ چەكداری داعش چەند نھێنیەك ئاشكرا دەكات
کوردستان24 دەچێتە نێو خیوەتگەیەکی کەسوکاری چەکدارانی داعش
K24 - كەركووك
ھەزاران خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعش لە خێوەتگاکانی سنووری کەرکووک داڵدەدراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لەوێ چەند خێزانێک قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە و ژنێک کە سێ کوڕی چەکداری داعش بوونە چەند نھێنیەك لەبارەی چەكدارانی داعش لە گوندەكەیان ئاشكرا دەكات.
روقیە عوبێد، کەسوکاری چەكدارانی داعشە و ئێستا لە كەمپێكی سنووری كەركووكە ئەو بە كوردستان24ی گوت: "سێ کوڕم چەکداری داعش بوون و لە بۆردوومانی فڕۆکەکان کوژران، دواتر منیشیان لە گووندەکە دەرکرد، بەس کوڕەکانی من نیین، گوندەکامان پڕیەتی لە داعش سەرووی 35 ماڵ ھەموویان داعشن".
رەجا عەبد، ژنێكی دیكەی کەسوکاری چەكدارانی داعشە و دەڵێ: "سەرجەم خێزانەکانی ئێرە چەکداری داعشیان ھەبووە، من یەکێکم لەوانەی برا و کەسووکارم داعش بوونە، عەشیرەتی ئێمە ھەموویان داعشن بوون تەنیا ژن و منداڵەکان ماوین، بەڵام ئێمە ھیچ تاوانێکمان نییە و ژن و منداڵەکانمان باجی ئەوە دەدەن".
جەمال شوكر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق ھۆشداری لەبارودۆخەکە دەدات و پێیوایە ئەگەر ئەم ناوچانە بەھاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بەڕێوەنەبدرێن، دۆخەکە لەدەست دەردەچێت.
بەپێی ئاماری ھۆبەی راگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک، لە 21ی مانگی رابردوو تاکو 17 ئەم مانگە واتا كەمتر لە مانگێك، چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک 46 کردەوەی تیرۆرستیان ئەنجامداوە و 31 کەسیش لە ھاووڵاتییان و ھێزە ئەمنییەکان کوژراون و برینداربوونە.