شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا
ھەولێر و بەغدا چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن
K24 - بەغدا
كەمێك پێش ئێستا شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە چەند پرسێكی پەیوەست بە نەوت و شایستە داراییەكان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تاوتوێ بكەن.
فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا بە كوردستان24ی راگەیاند: "كەمێكی دیكە شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق كۆدەبنەوە، تاوتوێی دابەزینی نرخی نەوت و لێكەوتەكانی دەكەن. دواتر لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی كۆدەبنەوە".
گوتیشی: "ئەو شاندە چەند رۆژێك لە بەغدا دەمێنێتەوە و دیداریان لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق دەبێت، چاویان بە عادل عەبدولمەھدی و وەزیری پلاندانانی عێراقیش دەكەوێت".
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندەكە بە كوردستان24ی گوت: "یەكەم كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری نەوت و وەزیری كارەبای عێراقە، بەگشتی لەسەر مەلەفی نەوت و كارەبا گفتوگۆ دەكەین و ھەوڵدەدەین پەرە بە پەیوەندییەكان بدەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "مەلەفێكی دیكە، كە لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەكەین، شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستانە".
ھەروەھا خالید شوانی، وەزیری ھەرێم رایگەیاند: "بەوپێیەی پێشتر رێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا كردووە، دەمانەوێت لەگەڵ ئەمان گفتوگۆ لەبارەی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت بكەین، چونكە بەغدا پابەندە بە بڕیاری ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بڕی ھەناردەی نەوت، پەیامەكەمان بۆ عێراق ئەوەیە كە ئێمە پابەندین بە رێككەوتنی پێشتر و بەیەكەوە رووبەڕووی ئەو دۆخە دەبینەوە".
شاندی حکوومەتی هەرێم پێكھاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئۆمێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، و خالید شوانی، وەزیری ھەرێم و دارا رەشید وەزیری پلاندانان.