شاندی هه‌رێم و به‌غدا ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی نوێ گه‌ڵاڵه ده‌كه‌ن
سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، خالید شوانی، دوای كۆتایهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌مینداریه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند، هه‌ردوولامان ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی هاوبه‌شمان گه‌ڵاڵه كردوون و سبه‌ی بڕیاری كۆتاییان له باره‌وه ده‌درێت.
له وته‌یه‌كدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، خالید شوانی باسی له هه‌لومه‌رجی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی: "هه‌رێمی كوردستان و عێراق به قه‌یرانێكی داراییدا تێپه‌ڕ ده‌بن، قه‌یرانی كۆرۆناش له ئارادایه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌خوازێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه له كۆبوونه‌وه و گفتوگۆدا بین".
خالید شوانی باسی له كۆسپه‌كانی به‌رده‌م ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانی له بودجه‌ی ئیتیحادی كرد و گوتی: "یه‌كێك له كێشه یاساییه‌كان، كه رووبه‌ڕووی هه‌رێم و به‌غدا بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه، یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سند نه‌كراوه. بۆشایی، ترس، نیگه‌رانی و راجیایی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا درووستكردووه".
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، خالید شوانی گوتی: "له دوێنێوه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت و داراییدا، كۆبووینه‌وه و ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و ئه‌میندارێتی گشتی حكومه‌ت كۆبووینه‌وه، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی یاسای بودجه و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی یاسایی بۆ دابینكردنی مافی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بووه".
ئاشكراشیكرد، له كۆبوونه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆیاندا له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق هه‌ردوولا، گه‌یشتوونه‌ته داڕشته‌یه‌كی نوێ و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "گه‌یشتینه ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی هاوبه‌ش، ئه‌و راسپاردانه به‌رز ده‌كرێنه‌وه بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و سبه‌ی به هه‌مان شێوه كۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه و هیوادارین ئه‌نجامی باشی هه‌بێت و راسپارده‌كان په‌سند بكرێن".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، خالید شوانی گوتی: "هاتنمان بۆ به‌غدا بۆ پته‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا و دابینكردنی شایسته داراییه‌كان و مافی هه‌رێمی كوردستانه له رووی داراییه‌وه. هیوادارین ئه‌و راسپاردانه‌ی گهڵاڵهكراوون كاریان پێ بكرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و راسپاردانه جێبه‌جێ بكرێت به كارێكی باش و ئه‌رێنی ده‌زانین".