ھەرێمی كوردستان لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا نزیک بووەتەوە

وەزیری تەندروستی: مەترسییەکانی کۆرۆنا ماوە

K24 - ھەولێر

حكوومه‌تی ھەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، وەزیری تەندروستیش دەڵێت "نزیکین لەوەی بگەین بە کەناری ئارامی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە مەترسیەکانی ئەم ڤایرۆسە کۆتایی ھاتووە، بەڵكو دەبێ هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە بن". 

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەردەوامین لە چارەسەركردن و پشكنینی ھەر حاڵەتێكی گومان لێكراو، ھاوكات بەردەوامین لە كەرەنتین كردنی ھەموو بەركەوتووان. ناتوانین بڵێین لە مەترسی دووركەوتینەتەوە، بەڵام بەرەو كۆنترۆڵكردندێكی باش دەڕۆین، خۆشبەختانە ئێمە بەدوای حاڵەت دەگەڕێین چەند رۆژێكە تۆمار نەكراوە".

چین كه‌ كانگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ به‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان، بەردەوامە لە ھاوکارییە پزیشکییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ سێیەمجاره‌ نزیکەی پێداویستی پزیشکی و کیتی پشکنینی تایبه‌ت بە کۆرۆنای پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی ده‌كات.

بڕیارە لە ھەفتەی داھاتوودا یەک ملیۆن کیتی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە عێراق، كه‌ به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش 200 ھەزار کیته‌‌ و ده‌بێت وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌یان بكات.

ده‌ربارەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆناشەوە، کە نیگه‌رانی وڵاتانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، وەزارەتی تەندروستی ھەموو ئامادەکارییەکی پێشوه‌خته‌ی كردووه‌.