باڵندەیەک لە ئەفریقاوە دێتە ھەرێمی كوردستان و بێسەروشوێن دەبێت
جی پی ئێسەکەی لە حاجیاوا دۆزرایەوە
K24 - رانیە
باڵندەیەک لە ئەفریقاوە هاتووەتە ھەرێمی كوردستان و ھەڵگری ئامێری جی پی ئێس بووە، دوای ئەوەی جی پی ئێسكەیە لێ بووەتەوە لە سنووری دەڤەری راپەڕین دیار نەماوە.
بەڕێوبەەرایەتی ناحیەی حاجیاوا ئاشكرای كرد: "لە رۆژی 19/4/2020 تیمێکی رێکخراوی سرووشتی عێراق و زانکۆی سلێمانی و دەستەی ژینگەی هەرێم، سەردانی بەڕێوبەرایەتی ناحیەی حاجیاوایان کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی باڵندەیەکی کێوی دەگمەن، کە لە جیهاندا مەترسی لەناوچوونی لەسەرەو ناسراوە بەسیسارکی میسری".
ئاماژە بەوەشكراوە: "ئەم باڵندەیە هەڵگری ئامێرێکی ( جی پی ئێس) بووە لە کیشوەری ئەفریقا لە وڵاتی ئەسیوپیاوە بەڕێکەوتووە لە مانگی 12ی ساڵی 2019، بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوێشەوە بەرەو ھەرێمی کوردستان، چونکە ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ ئەو باڵندەیە. لە 15/4/2020 هاتووەتە ناوچەی دۆڵی پڵێنگان و ئاسمانی ناوچەی گوندی سپیاو. لەوێوە ئامێری جی پی ئێسەکە لەئاسمان لێ بووەتەوە و دێتە سەر زەوی لەوێشەوە بەرەو حاجیاوا دەکەوێتەڕێ هەتا 16/4/2020 لە حاجیاوا دەبێت".
لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی حاجیاوا ئەوەشخراوەتەروو: "دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بەهاوکاری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی حاجیاواو بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین و موختاری گەڕەکی چوارچرا، سەردانی ئەو گەڕەکە کراو پشکنین بۆ هەندێک شوێن کرا. دوای ئەوە تیمەکە سەردانی کۆتا شوێنی باڵندەکەیان کرد لەوێ لەڕێگای خەڵکی ناوچەکەوە تەنها ئامێرەکە دۆزرایەوە بەبێ دۆزینەوەی باڵندەکە".
