به‌ ته‌قه‌ی خۆشی 13 كه‌س له‌ دهۆك و زاخۆ بریندار بوون

دوای راگه‌یاندنی چاكبوونه‌وه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا

K24 – دهۆك:

له‌ دهۆك دوای راگه‌یاندنی چاكبوونه‌وه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا و نه‌مانی هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون له‌ شاره‌كه‌، ژماره‌یه‌ك كه‌س ته‌قه‌یان كرد و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی برینداربوونی 13 هاووڵاتی.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ دهۆك له‌ به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی شاره‌كه‌ رایگه‌یاند، برینداره‌كان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌كانی دهۆكه‌وه‌ ته‌قه‌ به‌ره‌و ئاسمان كراوه‌ و چه‌كی ده‌مانچه‌، كڵاشینكۆف و ته‌نانه‌ت بی كه‌ی سی به‌كارهێنراوون و ته‌قه‌یان پێكراوه‌.

برینداربوونی 13 هاووڵاتی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌مترین حاڵه‌تی تووشبوو به‌ كۆرۆنای تێدا تۆمار كرابوو.