روونكردنەوەیەك لە کۆگای ناوەندی وەزارەتی تەندروستییەوە

رێكاری یاسایی دژی ئەو دەزگا راگەیاندنانە دەگرنەبەر

K24 - ھەولێر

کۆگای ناوەندی وەزارەتی تەندروستی رەتیدەكاتەوە، كە پێداویستییە تەندروستییەكانی وڵاتی چین، كە وەك ھاوكاری بۆ ھەرێمی كوردستان ھاتوون لە بازاڕەكان فرۆشرابێتەوە، راشیدەگەیەنێت، رێكاری یاسایی دژی ئەو دەزگا راگەیاندن و پەیجانە دەگرنەبەر كە ھەواڵەكەیان بڵاوكردووەتەوە.

د. دیار ئیبراھیم، بەڕێوەبەری کۆگای ناوەندی دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوا بەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵێك لە تۆرەكۆمەڵایەتییەكان كە گوایە "ئەو ماسكانەی لەلایەن وڵاتی چینەوە پێشكەشی وەزارەتی تەندروستی كراوە لە بازاردا فرۆشراوە"، ئێمە سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەتدەكەینەوە  و هیچ بنەمایەكی نییە".

گوتیشی: "وەزارەتی تەندروستی رێكاری یاسایی بەرامبەر هەر پەیج و دەزگایەكی راگەیاندن دەگرێتەبەر لەبەرامبەر چەواشەكاری و هەڵبەستنی هەواڵی بێبنەما، دوابەدوای لێكۆڵینەوەش لەلایەن لیژنەیەكی وەزارەتمانەوە روونبویەوە كە بازرگانێك بۆخۆی لە وڵاتی چینەوە ماسكی هاوردەكردووە و لە بازاڕەكانی هەرێم دەیفرۆشێت".