لە ھەولێر ھەزار كارتۆن ھێلكەی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا
لە سنووری باشماخەوە ھێنراوەتە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایش لە یەكێك لە بازگەكانی سنووری ھەولێر، دەستیان بەسەر ھەزار كارتۆن ھێلكەی ماوە بەسەرچوودا گرت، كە بە قاچاغ ھێنراوەتە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان.
نەبەز عەبدولـحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو ھێلكانە لە رێگەی دەروازەی سنووری باشماخەوە ھێنراونەتە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، دیار نییە لە ئێران یان لە توركیا بەرھەمھێنراوە، لەسەری نووسراوە بەرھەمھێنانی عێراق، كە ئەمە فێڵێكی دیكەیە كراوە، لەبەر ئەوەی عێراقی نییە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ھیچ پشكنینێك بۆ ئەو ھێلكانە نەكراوە و مەترسی بۆسەر تەندروستی ھاووڵاتییان و ئاسایشی خۆراك ھەیە".
قایمقامی ناوەندی ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: "پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە دەكەینەوە و سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە مامەڵە بەو جۆرە ھێلكانە دەكەن".