هەواڵگیری ئەمەریکا چەند جارێک ترەمپی لە مەترسییەک ئاگادار کردووەتەوە

واشنتن پۆست چەند زانیارییەک ئاشکرا دەکات

K24 - هۆڵەندا:

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووه‌تەوە، ئاژانسی هەوڵگری ئەمه‌ریکا (CIA) لە کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵدا، لە راپۆرتی رۆژانەیان، ناسراو بە نامەی رۆژانە بۆ سەرۆك، بەزیاتر لە 10 نامە، دۆنالد ترامپ سەرۆکی ئەمریکایان لە بەهێزی و ترسناکی پەتای کۆرۆنا ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، بەڵام ترامپ بەردەوام بووە لە کەمکردنەوەی زیانی ئەو ڤایرۆسە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە چەندین بەرپرسی ئەمریکی و بەرپرسی جێبەجێکاری پێشتریشی گواستۆتەوە، کە بە هەمووان چەندینجار ئەو مەترسییە دووباره‌ کراوەتەوە لە راپۆرتی رۆژانەیاندا بۆ سەرۆك، تێیدا روونکردنەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دراوە بە جیهاندا و ئاگاداری ئەوەش بوونه‌ کە چین ژمارەی گیان لەدەستدان دەشارێتەوە، خودی تره‌مپیش له‌وه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌، کە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەو بڵاووبوونەوەی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر سیاسەت و ئابووری دەبێت.

بەڵام ئەو هەموو ئاگادارکردنەوانە گوێی پێنەدرا، واشنتۆن پۆست لەزاری سەرچاوەی نەناسراوەوە بڵاویکردۆتەوە، کە سەرۆک جگە لەوەی کە هەندێکجار گرنگی بۆ ئەو راپۆرتانە دانانێت و تێیان دەپەڕێنێت، هێنده‌ ئارامیشی نییە تەنانەت بە دەمیش گوێ بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکان بگرێت کە دوو یان سێ رۆژە لە هەفتەیەکدا.