بەهۆی خواردنەوەیەک زیاد لە 700 کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە

وەکو چارەسەری کۆرۆنا بەکاریانهێناوە

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی دەنگۆی ئەوەی خواردنەوەی مێسانۆل ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو دەبات، لە ماوەی دوو مانگدا، 700 کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.

کیانوش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندووە، تەنیا لە نەخۆشخانەکان، 525 کەس بەهۆی خواردنەوەی ژەهراوی کحولی مێسانۆل، لە 20ـی مانگی شوباتەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها لای خۆیەوە، حوسەین حەسەنیان، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، 200 کەسی دیکە لە دەرەوەی نەخۆشخانە بەهۆی خواردنەوە ژەهراوییەکە گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێنج هەزار و 11 کەس بەهۆی ئەو خواردنەوەیە، ژەهراوی بوون.

لە ئێران، بەشێک لە خەڵکی، دوای دەنگۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتوون و رێگەی مەترسیدار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرنە بەر.

لە ئێران، 92 هەزار و 584 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و پێنج هەزار و 877 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. 72 هەزار و 439 کەسیش، چاکبوونەتەوە.