لە ماوەی شەش هەفتەدا چوارەم جارە دیبالا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە
کۆڤید19 بەرۆکی دیبالای گرتووە
پاولۆ دیبالا بۆ جاری چوارەم تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەوە و لە ماوەی شەش هەفتەدا ئەو یاریزانەی یۆڤێنتۆس چوارەمجارە ئەنجامەکانی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەردەچن.
بەرنامەی بەناوبانگی ئێل چێرێنگیتۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پاولۆ دیبالا جارێکی دیکە ئەنجامەکانی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچوون و دوای زیاتر لە مانگێک و نیو هێشتا ئەو یاریزانە ئارجێنتینییە ڤایرۆسی کۆڤید 19ی نەپەڕاندووە.
رۆژی 11ی مارس دیبالا بۆیەکەمجار لەگەڵ خۆشەویستەکەی تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام دواتر رۆژی 29ی هەمان مانگ دیبالا لە ڤایرۆسەکە رزگاری بوو، کەچی رۆژی 3ی ئەم مانگە جارێکی دیکە دیبالا تووشی ئەم پەتایە بووەوە و ئەنجامەکانی پۆزەتیڤ دەرچوونەوە، بەڵام رۆژی 12ی ئەم مانگە پاولۆ دیبالا چاکبوونەوەی خۆی و خۆشەویستەکەی راگەیاند کەچی جارێکی دیکە تووشبوونەوەی ئەستێرەکەی یۆڤێنتۆس بەم پەتایە بڵاوکرایەوە.