گواردیۆلا لە یاریزانێکی ئاسایییەوە بۆ راھێنەرێکی بلیمهت
زۆرترین ئهزموون، كهمترین گۆڵ و ئاسیست
پێپ گواردیۆلا راھێنەری ئیسپانی ئێستە یەکێکە لە باشترین راھێنەرەکانی تۆپی پێ لە جیھاندا، راھێنەرایەتی یانەی مان سیتی ئینگلیزی دەکات، یانەی بارسێلۆنا لە سەردەمی گواردیۆلا وەک شەمەندەفهر ھەموو ئەوانەی راماڵی کە رووبەرووی دەبووەوە، کەس دەستکەوتەکانی گواردیۆلا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنای بیر ناچێتەوە کاتێک بۆ چەند ساڵێک چووە سەر سهكۆی نازناوەکان، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە دۆخی گواردیۆلا وەک یاریزان چۆن بووە؟ ئایا کاتێک یاریزان بووە لە کوێ یاری کردووە و دەستکەتەکانی چی بوون؟
ئەو یانانەی یاری بۆ کردوون
گواردیۆلا کاروانی وەرزشیی لە لاوانی مانرسیای ئیسپانی دەستپێکردووە، پاشان لە ھاوینی ١٩٨٤ پەیوەندی بە لاوانی یانەی بارسێلۆنا کردووە و ھەموو تیپی تەمەن جیاوازەکانی بڕیوە و ساڵی ١٩٩١ لە تیپی یەکەمی یانەی بارسا یاری کردووە، ماوەی ١٠ ساڵ وەک ناوەراستکار بەدرێسی یانەی بارسێلۆنا بەردەوام بووە، پاشان لە ٢٠٠١ لە یانەی بریشیای ئیتاڵی خۆی بینیەوە، پاشان رۆما و ئینجا جارێکی تر لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕایەوە یانەی بریشیا.
یانەی ئەھلی قەتەری وێستگەیەکی تری گواردیۆلا بوو لە ساڵی ٢٠٠٣، پاشان رووی لە مێکسیک کرد و لە ساڵی ٢٠٠٦ درێسی یانەی دیرادوس دی سینالوای مێکسیکی پۆشی، دواجار لە ٢٠٠٧ پێلاوەکانی داکەند و ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد.
ژمارەکانی گواردیۆلا چۆن بووە؟
بەشێوەیەکی گشتی گواردیۆلا ٤١٠ یاری لەگەڵ یانەکان ئەنجام داوە، بەکۆی گشتی ٣٢٣٦٧ خولەک یاری کردووە، ١٤ گۆڵی تۆمار کردووە لەگەڵ ٣٧ ئەسێست، پێپ زۆربەی کاتەکانی بەدرێسی یانەی بارسێلۆنا بووە، ٣٧٨ یاری ئەنجام داوە خاوەنی ١١ گۆڵ بووە، لەگەڵ ٣٧ ئەسێست، لە یانەی بارسێلۆنا ٢٩٨٤٥ خولەک یاری کردووە.
ناوبراو لە ماوەی تەنیا ٦ یاری بەدرێسی یانەی رۆما ٣٣٦ خولەک یاری کردووە بێ ئەوەی ھیچ گۆڵێک یان ھیچ ئەسێستێکی ھەبێت، لەگەڵ یانەی بریشیا لە ماوەی دوو وەرزدا ٢٥ یاری لە خول و جامی ئیتاڵیا ئەنجام دا، سێ گۆڵیشی تۆمار کرد، ھیچ ئەسێستیشی نەبوو.
دەستکەوتەکانی گواردیۆلا وەک یاریزان
زۆربەی دەستکەوکانی گواردیۆلا لەگەڵ یانەی بارسا بووە بەم شێوەیە
لالیگا ٦ جار
جامی یانە ئەورووپیەکان ١ جار
جامی سووپەری ئیسپانیا ٤ جار
جامی شای ئیسپانیا ١ جار
جامی سووپەری ئەورووپی ٢ جار
مەدالیای زێر لەگەڵ ھەلبژاردەی ئۆلیمپی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٩٢
مەسعوود حەسەن