ئه‌نه‌كه‌سه ره‌تی ده‌كاته‌وه لاهور شێخ جه‌نگی رۆڵی له گفتوگۆكانی نێوان ئه‌وان و په‌یه‌ده هه‌بێت
"ته‌نیا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رۆڵی له‌و هه‌وڵانه‌دا هه‌بووه"
K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه" ھەموو ئه‌و ده‌نگۆیانه ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه له تۆڕه كۆمەڵایەتییەكان باس له رێكه‌وتنی كۆتایی نێوان ئه‌نه‌كه‌سه و په‌یه‌ده و رۆڵی له لاهور جه‌نگی ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نها لێكنزیكبوونه‌وه و گفتوگۆ هه‌یه نه‌ك رێككه‌وتنی كۆتایی، له‌وه‌شدا لاهور جه‌نگی هیچ رۆڵێكی نه‌بووه، ته‌نها لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆڵیان له‌و نزیكبوونه‌وه‌یه هه‌یه.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه:
راگه‌یه‌ندراوێك له باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌سه‌ر رێكه‌وتنی نێوان ئه‌نه‌كه‌سه و په‌یه‌ده بڵاوبوونه‌ته‌وه و باس له رۆڵی لاهور شێخ جه‌نگی له‌و هه‌وڵانه‌دا ده‌كه‌ن.
ژماره‌یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، هه‌واڵی دوایین رێكه‌وتنی نێوان ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه" و یه‌كێتی دیموكراتی "په‌یه‌ده" بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه له ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به سه‌رپه‌رشتیی نوێنه‌رانی ئه‌وان كراوه و ئاماژه‌یان به‌وه داوه، لاهور شێخ جه‌نگی رۆڵی له‌و هه‌وڵانه‌دا هه‌بووه، ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی ده‌یه‌وێت ئه‌مه بخاته‌ڕوو:
1- دانوستان له نێوان ئه‌نه‌كه‌سه و په‌یه‌ده به نێوه‌ندگیری ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامە، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته رێكه‌وتنی كۆتایی.
2- ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه باس له رۆڵی ئه‌و كه‌سایه‌تییه ده‌كه‌ن، چ له رووی ئاماده‌كاری، یانیش دانوستانه‌وه بێت، هه‌روه‌ك ره‌تیشی ده‌كاته‌وه ناوبراو و حزبه‌كه‌ی هیچ رۆڵێكیان له نێوه‌ندگیری یان هه‌وڵدانێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌بێت، نه ئێستا و نه پێشتریش و دووپاتیش ده‌كاته‌وه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاكه لایه‌نه كه هاوكاری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كردبێت و پێشتریش سه‌رپه‌رشتیی رێكه‌وتنه‌كانی پێشووی له هه‌ولێر و دهۆك كردووه.
9/5/2020
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی
ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا
H.B