واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لالیگا ئاشكرا ده‌كرێت

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی لالیگا واده‌یه‌ك دیاری ده‌كات

خاڤێر تێباس سەرۆکی ئەنجوومەنی لالیگای ئیسپانیا وادەی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزە ئاشکرا دەکات.

خاڤێر تێباس سەرۆکی ئەنجومەنی لالیگای ئیسپانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزە ئاماژەی بەوە کرد ئەوان نایانەوێت پەلە لە دەستپێکردنەوەی خولەکە بکەن، چونکە لە بەرژەوەندی هاونیشتیمانییه‌كان نییە و هەر مه‌ترسی و تووشبووه‌كی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتە هۆی لەناو چوونی هەزارەها کەس.

تیباس ئاماژەی بەوەش کردووە كه‌ رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو باشترین كاته‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لالیگا، ده‌شڵێـت: هەر کاتێک یارییەکان دەست پێ بکرێنەوە، ئەوا پێویستە سەرجەم رێنماییە پزیشکیەکان جێبەجێ بکەن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی لالیگا ده‌ڵێت: ئێمە دەبێت رەچاوی باردۆخەکە بکەین و دەمانەوێت یارییەکان دەست پێ بکەینەوە، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی هاندەران، چونکە ناکرێت لەم دۆخە هەستیارەدا رێگە بە هاندەران بدەین لە شوێنە قەلەبالغەکان کۆببنەوە، چونکە  بارودۆخەکە هی ئەوە نیە.

تیباس گوتیشی: سەبارەت بە تووشبوونی چەند یاریزانێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێمە پێشبینیمان دەکرد کە ژمارەی تووشبوان زیاتر لە ئەوەی ئێستا بێت، هەر چەندە هەندێ ناوچە هەن کە ڤایرۆسەکە زۆر بە کەمی تێدا ماوە و بە گشتی لە کۆی 2500 پشکنین تەنها هەشتیان پۆزەتیڤ بووە.

له‌ كۆتاییدا تیباس ده‌ڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ بریارێکمان لەسەر وادەی دەستپێکردنەوەی یارییەکان نەداوە، بەڵام من وەکو خۆم حەز دەکەم 12ـی مانگی داهاتوو دەست بە یارییەکان بکەینەوە، هەرچەندە نامانەوێت پەلە بکەین و لەگەڵ حکوومەت لە پەیوەندیداین.