ئومێد خۆشناو: هیچ لایەنێک ناتوانێت کارەکانی پەرلەمانی کوردستان پەکبخات

هیچ هۆکارێک بۆ پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان نییە

K24 - ھەولێر

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، کە هیچ لایەنێک ناتوانێت کارەکانی پەرلەمان پەکبخات و هیچ هۆکارێکیش بۆ پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان نییە.

گوتیشی، فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتی هەموو دەستپێخشەریەک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان دەکات.

سەرۆكی فاركسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد: "دەستپێشخەریەك كرا كە فراكسیۆنەكان كۆببینەوە بۆ ئەوەی ئامادەكاریەك بكەین، بۆ ئەوەی دواتر لەكاتی پێیویست لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشین و بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی كە دەستپێشخەریەكەیان كرد، ئەمڕۆ خۆیان ئامادەنەبوون، داوایان كرد ماوەی زیاتریان پێبدرێت و سەرۆكی پەرلەمانیش ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت".

ئومێد خۆشناو، راشیگەیاند: "ئێمە ھیچ ھۆكارێك نابینین بۆ پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان و ھیچ لایەنێكیش ناتوانێت پەكی بخات، ھیوادارین كەس بیر لەوە نەكاتەوە".

دەشڵێ: "ئێمە پێمانوایە نابێ سەرۆكایەتی پەرلەمان بێتە ناو ئەو كێشانە".

لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی لێدوانێكی سەرۆكی پەرلەمان، كە گوتبووی "دەبێ شكۆ بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە"، ئومێد خۆشناو گوتی: "قسەیەكی خراپی كردووە، چونكە شكۆی پەرلەمان نەشكێنراوە و كارێك نەكراوە لە دەرەوەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بێت، ھەروەھا ھیوادارین سەرۆكی پەرلەمان بەشێك بێت لە چارەسەر".

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: "بانگێشت بۆ كۆبوونەوە ناكەم تا نەگەمە ئەو بڕوایە كە كۆبوونەوە سوودی ھەیە بۆ خەڵكی كوردستان، پەرلەمان ئەو كاتە كۆدەبێتەوە كە بە شكۆ و متمانە بچێتەوە ناو كۆبوونەوەكان".