نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێک لەبارەی سووتانی دەخڵ و دانی هاووڵاتیان بڵاودەکاتەوە

باس لە زیادبوونی ئاگربەردان لە دانەوێڵەی جووتیاران دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بەشی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تویتێکی لەبارەی سووتانی دەخڵ و دانی جووتیاران لە چەند ناوچەیەکی عێراق بڵاوکردەوە.

لە تویتەکە هاتووە، بەشی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە نزیکەوە چاودێریی راپۆرتەکان لەبارەی زیادبوونی رێژەی ئاگربەردان لە دانەوێڵە لە مانگی رابردووەوە دەکات.

ئاماژەی بەوەکردووە، رووداوەکان زیاتر لە نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدینن و تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ کەسێک تۆمەتبار نەکراوە، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان تۆمەتەکان ئاراستەی داعش دەکەن.

ماوەیەکە سووتانی بەرهەمی جووتیارانی عێراق، بەتایبەتی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادی کردووە و جووتیاران زیانی زۆریان بەرکەوتووە. لە چەند رۆژی رابردووش، لە خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەکی کەرکووک، رووداوەکان زیادی کردووە.