کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی کوژرانی پێشمەرگەیەک بڵاوکردەوە

هۆکاری رووداوەکە بڵاودەکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

راگەیاندنی ستادی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی دەمەقاڵێ لە نێوان دوو پێشمەرگەیان، تەقە کراوە و پێشمەرگەیەک بە ناوی ئاروین ئەسڵانی گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بە سوکی بریندار بووە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، دۆخەکە کۆنترۆڵ و ھێور کراوەتەوە و تەرمی ھاوڕێ ئاروین ھاتەوە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بەخاکسپێردراوە.

دەقی راگەیەندراوی ستادی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان:

  بە داخێکی گرانەوە ڕایدەگەیەنین کە سەعاتی ٩ شەوی ڕابردوو بەھۆی دەمەقاڵەیەک، تەقەکردن لە نێوان ھاوڕێیانی پێشمەرگە لە بناری ھەڵگورد دروست دەبێت کە بەوھۆیەوە ھاوڕێیەکمان بە ناوی ئاروین ئەسڵانی گیانی لە دەست دەدا و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار دەبێ کە برینەکەی سوکە.

لە ئێستادا دۆخەکە کۆنترۆڵ و ھێور کراوەتەوە و تەرمی ھاوڕێ ئاروین ھاتەوە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ئەسپەردە کرا.

  ھاوڕێیانمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردتر لە ڕوداوەکەن. پێویستە بڵێین لە دوێنێشەوەوە دۆستان و ھاوڕێیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە ھەموو شێوەیەک پەیوەندییان پێوەکردوین و ھاوسۆزییان دەربڕیوە، لێرەوە سپاسی ھەموویان دەکەین. ھەر زانیاریەکی نوێ بە ئاگاداری گشتیی دەگەیەنین.

ستادی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٧. ٢. ١٣٩٩