"ئه‌گه‌ر ئه‌م 2 یاریزانه ڕووبكه‌نه بارسێلۆنا به‌رگریكاران خاپوور ده‌كه‌ن"
فلیپی میلۆ: هیچ هێڵێكی به‌رگری ناتوانێت به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشبه‌رانه خۆرابگرن
فیلیپی مێلۆ به‌رگریكاری به‌رازیلی پێشووی یانه‌كانی یۆڤانتۆس و ئینته‌ر میلان ئومێدی ئه‌وه ده‌خوازێت لاوتارۆ مارتینێز رێگه‌ی بارسێلۆنا بگرێته‌به‌ر، ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌م یاریزانه هاوشانی مێسی یاری بكات هیچ به‌رگریكارێك ناتوانن گۆڵه‌كانیان بپارێزن.
به گوێره‌ی میدیاكان، لاوتارۆ مارتینز نزیكترین بژارده‌یه بۆ به‌هێزتركردنی هێڵی هێرشبه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا و ئه‌گه‌ری زۆره گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه له هاوێنی ئه‌مساڵدا بێته‌ئاراوه.
له‌مباره‌یه‌وه فیلیپی میلۆ كه له‌م رۆژانه‌ی دواییدا به‌هۆی مشت‌ومڕ و كێشه‌ی له‌گه‌ڵ جۆرجیۆ كیلینی دوویاره كه‌وتووته سه‌ر زمان، له‌و باوه‌ڕه‌دایه هێڵی هێرشبه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا به ئاماده‌بوونی لاوتارۆ به‌هێز و تۆقێنه‌ر ده‌بێت.
فیلیپی میلۆ ده‌ڵێت: لاوتارۆ مارتینێز زۆر به باشی ده‌ناسم، من له ئیتاڵیا هانده‌ری ئینته‌رم و خۆشبه‌ختانه له ته‌مه‌نی 32 ساڵی به خه‌ونی یاریكردن بۆ ئه‌م یانه‌یه گه‌یشتم، كاتێك كه یاریم بۆ یوڤێنتۆسیش ده‌كرد من هه‌ر هانده‌ری ئینته‌ر بووم، بۆیه پێموایه لاوتارۆ یاریزانێكی ئاستبه‌رزه هاوشێوه‌ی خیسۆسی به‌رازیلی توانایی به‌رچاوی هه‌یه، به تایبه‌ت له یاریكردنی بێ تۆپ و هه‌روه‌ها زۆر به ئاسانی چوارچێوه‌ی گۆڵی ركابه‌ره‌كانی ده‌بینێت و گۆڵیان لێ تۆمار ده‌كات.
میلۆ ده‌شڵێت: له‌ڕاستیدا زۆر به لاوتارۆ سه‌رسامم، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م یاریزانه بۆ بارسێلۆنا یاری بكات، به‌ڵام ئه‌م یانه‌یه ئێستا هێرشبه‌رێكی به‌توانای وه‌كو سوارێزی هه‌یه كه یه‌ك له باشترین هێرشبه‌ره‌كانی جیهانه، سه‌یری بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو یاریزانه له‌گه‌ڵ لیونێل مێسی یاری بكه‌ن و نێیماریشیان پێوه زیاد بێت، چی رووده‌دات؟! ئیتر هیچ هێڵی به‌رگرییه‌ك به‌رگه‌ی توانایی و گۆڵه‌كانیان ناگرێت، به ته‌واوه‌تی هێڵی پێشه‌وه‌ی بارسێلۆنا ده‌بێته تۆقێنه‌ر.
ئا: محه‌مه‌د شه‌هدی
