چاڤی بۆ بارسێلۆنا: بە هیچ شێوەیەک بیر لە کڕینی مانێ و ئۆبامینگ مەکەنەوە
چاڤی ئامۆژگاریی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا دەکات
چاڤی هیرناندێز داوا لە یانەی بارسێلۆنا دەکات بیر لە گواستنەوەی سادیۆ مانێ و پیێر ئێمریک ئۆبامیانگ نەکاتەوە.
چاڤی هیرناندێز، یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و راهێنەری ئێستای یانەی سەددی قەتەری لە لیدوانێکی بۆ رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی دەڵێت 'مانێ و ئۆبامینگ دەتوانن لە پانتاییەکی کراوەدا بتکوژن و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن، بەڵام بارسێلۆنا پێویستی بەو جۆرە یاریزانانە نییە، بەڵکو پێویستی بە یاریزانێکە بتوانێت لە پانتایی تەسکدا یاریی بکات و خۆی بدۆزێتەوە'.
هەروەها چاڤی دەڵێت 'من بیر لەوە ناکەمەوە بارسێلۆنا دەتوانێت چ جۆرە یاریزانێک بگوازێتەوە، بەڵکو من باسی ئەو یاریزانانە دەکەم کە لەگەڵ فەلسەفەی یاریکردنی بارسێلۆنا دەگونجێن، پێشتر ساموێل ئیتۆ دەیتوانی خۆی لەگەڵ ئەم شێوازە بگونجێنێت و ئێستاش لویس سوارێز هەمان کار دەکات'.
چاڤی دەڵێت 'نێیمار یەکێکە لە باشترین پێنج هێرشبەرەکەی جیهان، هیوادارم بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و دڵنیام دەتوانێت زۆر شت پێشکەشی بارسێلۆنا بکات و ئەم گرێبەستەش جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات'.