ئه‌ڵمانیا "وزه‌ی ئه‌تۆم" له‌ناو ده‌بات
هه‌ردوو تاوه‌ره‌كه به‌چه‌ند خولەکێک كۆتاییان پێهات
به‌پێی راپۆرتێكی گۆڤاری نیوز ویك، وێرانكردن و ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌ردوو تاوه‌ری وێستگه‌ی فیلیبسبۆرگ له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌دایه كه تا ساڵی 2022، له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی وزه‌ی ئه‌تۆمی له وڵاته‌كه‌ی له‌ناو به‌رێت و له‌بری ئه‌وانه وزه‌ی توانای نوێبوونه (رینیوه‌بل)-ی وه‌ك وزه‌ی خۆر و وزه‌ی با و ئاو بنیات‌بنێت.
به‌پێی كۆمپانیای بی ده‌بلیو ئینیرجی، زه‌وییه‌كه به‌م نزیكانه له رێگه‌ی TransnetBW به‌كارده‌هێنرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی نوێی خۆریی و وزه‌ی با.
سیڤنیا شۆڵز، وه‌زیری ژینگه‌ی ئه‌ڵمانیا له لێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه، كۆتایی به‌و دوو تاوه‌ره‌ش هات كه له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2019ـەوە، كاركردن له وێستگه‌كه‌دا وه‌ستاوه و داخراوه. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی ئاشكرایه تا هێدی هێدی كۆتایی به وێستگه‌كانی ئه‌تۆم بهێنرێت له ئه‌ڵمانیا. وتیشی: "بڕیاره به‌هاتنی 2022 كۆتایی به كاركردن له دواهه‌مین وێستگه‌ی ئه‌تۆمی بهێنرێت و له ئاینده‌دا بتوانرێت وزه‌ی خۆنوێكه‌ره‌وه بنیاتبنرێت كه سه‌لامه‌تتر و تێچووی كه‌متر و به‌رده‌وامێتی زیاتره".
هه‌ردوو تاوه‌ره‌كه به‌چه‌ند خولەکێک كۆتاییان پێهات، کاتژمێر 6ی سه‌رله‌به‌یانی، 14ی ئایار یه‌كه‌میان و ئه‌وی دیكه‌شیان چه‌ند چركه‌یه‌ك به‌دوایدا كۆتایی هات كه هه‌ریه‌ك له تاوه‌ره‌كان 152 مه‌تر به‌رزبوون.
شۆڵز باسی له‌وه‌شكرد، به‌هاتنی 2020 پێویسته وزه‌كانی خۆر و با، 25%ی پێویستی وزه‌ی پڕبكاته‌وه و له‌كۆتایی 2050دا وزه‌ی پێویستی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر وزه‌ی خۆر و با و ئاو بێت.
به‌پێی راپۆرتێكی بی بی سی، به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیا له ساڵی 2011 ه‌وه بڕیاریانداوه لە وێستگه‌كانی وزه‌ی ئه‌تۆمی له وڵاته‌كه‌یان كۆتایی پێبهێنن، ئه‌ویش دوای ئه‌و ته‌قینه‌وه گه‌وره‌یه‌ی له وێستگه‌ی وزه‌ی ناوكی فۆكۆشیما-ی ژاپۆن رویدا.