ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریکا لە بەئامانجکردنی کەشتییەکانی گواستنەوە سووتەمەنی

هۆشدارییەکی لە تارانەوە بۆ واشنتن

K24 – هەولێر:

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند وڵاتەکەی وەڵامی هەر رێکارێکی ئەمه‌ریکا دەداتەوە، ئەگەر کەشتییە ئێرانییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بەرەو ڤەنزوێلا بکەنه‌ ئامانج. روونیشی کردەوە "ئەمە بازرگانییەکی فەرمی و یاساییە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئایار/ مایۆی 2019 موسەوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کەشتییە ئێرانییەکان کە سووتەمەنی بەرەو ڤەنزوێلا دەگوازنەوە، ئەم کارە لە چوارچێوەی بازرگانییەکی فەرمی و یاسایی دەکەن، ئەگەر ئەمه‌ریکاش بەو بازرگانییە دڵگران بێت، ئەوە پەیوەندیی بەخۆیەوە هه‌یه‌، هەڕەشەکانیشی لەدژی کەشتیییەکانمان نایاساییە. ئەگەر بەئامانجیان بگرێت، ئەوە وڵامی دەدرێتەوە".

گوتەکانی موسەوی لەکاتێکدان، له‌ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمه‌ریکی ئەوە دەخوێندرێتەوە: واشنتن به‌نیازه‌ رێوشوێن لە دژی کەشتییەکانی نه‌وتهه‌ڵگر بگرێتەبەر، وەکو وەڵامدانەوەیەک لەدژی ئەوەی ئێران سووتەمەنی ناردووەتە ڤەنزوێلا، چونکە ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی سووتەمەنی بووە.

موسەوی وەڵامی مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئه‌مه‌ریكاشی دایەوە، کە چەند رۆژێک پێشتر لە ئیسرائیله‌وه‌ ئاماژەی بە کپکردنی چالاکییەکانی ئێران و سنووردارکردنی سەرچاوەکانی کردبوو. موسەوی گوتی "پۆمپێیۆ کەسێکە لە خه‌یاڵدا دەژی، هەندێکجاریش گوزارشت لەو خه‌یاڵانه‌ دەکات، بەتایبەتی کاتێك کەسێکی دیکە دەبینێت، خه‌یاڵه‌كانی چەند هێندە دەبن".

موسەوی لە گوتەکانیدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێز دەڵێت: "هۆشداریمان داوەتە ئەمریکییەکان لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێك لەدژی کەشتییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ ڤەنزوێلا، هیوادارین هیچ کارێکی گەمژانە نەکەن، لەبەرئەوەی بەدڵنیاییەوە ئێران وەڵامی دەبێت".

RT