د. عەبدولحەکیم خەسرۆ: ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەم خزمەت بە هاووڵاتییان بووە
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "کابینەی نۆیەم بە بەرنامەیەکی وردی 53 خاڵی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان متمانەی وەرگرت و ئامانجی سەرەکیشی خزمەت بە هاووڵاتییان بووە".
یەکشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2024، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم لە بنەمادا سەرکردایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بووە، بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنەکان و بنەمای سەرەکیی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و بنەمای چارەکردنی گشت ئەو گرفت و بەربەستانەی لە بەردەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کردووە".
سەرۆکی ئەو فەرمانگەیە دەڵێت: "پێشکەشکردنی کارو خزمەتگوزارەییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ هاووڵاتییان بووە، هەروەها ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەم هەر خزمەت بە هاووڵاتییان بووە، بۆیە بە بەرنامەیەکی ورد بە 53 خاڵ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان متمانەی وەرگرت، لە هەمان کاتیشدا لەو 53 خاڵەش کۆمەڵێک بەرنامەی زۆر ورد و واقیعی هەن کە بتوانن بۆ داهاتوو کاری لەسەر بکەن، بەتایبەت لەسەر چارەکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و زیاتر کردنی خزمەتگوزاری و بەرەو پێشچوونی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، دانرا".
دەشڵێت: "ستراتیجییەک بوو تاکوو ژێرخانی ئابووریی بەرەو پێش ببرێت، هەروەها بۆ ئەوەی ئاسانکارییەک بێت بۆ گشت کەرتەکانی دیکە، ئەمە خاڵی دەستپێکی سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و خۆڕاگریی سەرۆکی حکوومەت لە ئاستەنگەکان و قەیران و کێشە و گرفتەکانیش بووە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "بە شێک لە بابەتەکان دەبووە گرێکوێرە کە پێویستی بە بڕیاری یەکلا کەرەوە بوو، بۆیە بیرۆکە لە گوتەی مەسرور بارزانی وەردەگیرا کە چۆن بتوانین بەرنامەیەکی ورد دابنێین، لە سەرەتای کابینەی نۆیەم ئەو 53 خاڵە ورد کراوەتەوە بۆ بەرنامەی گشت وەزارەتەکان و بۆ ئەوەی بە بەرنامەیەکی دیاری کراو و ستراتیجییەکی دەستنیشان کراو کاری لەسەر بکەن".
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنی گوتیشی: "ئێمە کۆمەڵێک بوارمان هەبوو کاری لەسەر بکەین، بواری یاسادانان بەشێک بووە لەو بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێم، کە پێویست بوو ئێمە گۆڕانی تێدا بکەین، بۆیە پێویستی بە بنەمایەکی یاسایی هەبووە بە هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان".
عەبدولحەکیم خەسرۆ ڕاشیگەیاند: "وەزارەتێکیشمان بۆ ئەو بابەتە دانا، چونکە لە ئاستی هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان لە یاسادانانی ئەو یاسایانەی کە پێویست بووە ئێمە کاری لەسەر بکەین، زۆربەی زۆری هەرە زۆری ئەو یاسایانەی کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ کرا، ئەم یاسایانە، لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکران و بەشێکیشی لە پرۆسەی وردبینیدا بوون".