هاتوچۆی گەرمیان: ڕووداوێکی هاتووچۆ پێنج قوربانی لێ کەوتەوە

لە پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک گوندی ساڵح ئاغا کەسێک گیانی سپارد و چوار کەسی دیکە  بریندار بوون، سەرجەمیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران

هاتوچۆی گەرمیان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای گوندی ساڵەح ئاغا بۆ مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لە نزیک بان ڕاستای، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری نیسان ڕۆگ و تۆیۆتا کراون پێکیاندا دا، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی سپارد و چوارکەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئەوکەسەی گیانی سپاردووە، لە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کراونەکەدا بووە و لەدایک بووی ساڵی 1981ـە، بەئاراستەی قەزای کەلار هاتوون کە سێ کەسی دیکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بریندار بوون.

دەشڵێت: ئۆتۆمبێلە نیسانەکە بەئاراستەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕۆیشتووە تەنها شۆفێرەکەی تێدابووە و بریندارە.

هاتوچۆی گەرمیان باسی لەوەش کردووە، سەرجەم بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن تیمی هاتووچۆوە دەستی پێ کردووە.