چین دەرمانێکی نوێ دژی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنێت

"دەتوانێت كۆرۆنا بووەستێنێ"

K24  - هەولێر

تاقیگەیەکی چین کاری لەسەر بەرهەمهێنانی دەرمانێکی نوێ کردووە و پێی وایە دەتوانێت پەتای کۆرۆنا بووەستێنێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوو (2019) لە چین سەریهەڵدا و بە هەموو جیهان بڵاوبووەوە، لەو کاتەشەوە کۆمپانیاکانی دەرمان بە دوای چارەسەر و ڤاکسینێک دەگەڕێن.

لێکۆڵەران لە بارەی ئەو دەرمانەی لە زانکۆی بیجین تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت، دەڵێن نەک تەنیا کاتی چاکبوونەوە کورت دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرگرییەکی ماوە کورتیش لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سوونی شی، بەڕێوەبەری سەنتەری داهێنانی پێشکەوتوو لە زانکۆی بیجین، رایگەیاند "دەرمانەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵان، سەرکەوتوو بووە".

بەڕێوەبەرەکە هەروەها دەڵێ "دەرمانەکە ئامادەدەکرێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەکاربهێنرێت، بە تایبەتی لە وەرزی زستان، کە رەنگە شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسەکە سەرهەڵبداتەوە.

بەگویرەی دوایین ئامار، ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستا تووشی  4.8 ملیۆن کەس بووە لە جیهان و زیاتر لە 316 هەزار کەسیش بە هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەرچەندە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی نوێ لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەنگە 12 بۆ 18 مانگ بخایەنێت، بەڵام هەفتەی رابردوو بەرپرسێکی تەندروستیی چین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا چین پێنج جۆر ڤاکسینی ئامادەکردووە، کە لە قۆناغی تاقیکردنەوەدان.