لە بەغدا هێرش دەکرێتە سەر بارەگای کەناڵی ئێم بی سی
"ناوی ئەبو مەهدی موهەندیس بە تیرۆرست هێنرابوو"
K24 - هەولێر
دەیان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر بارەگای کەناڵی ئێم بی سی عێراق لە بەغدا، بەهۆی ئەوەی لەو تەلەڤزیۆنەوە بە تیرۆرست ناوی ئەبو مەهدی موهەندیس هێنرابوو.
ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ قاسم سولەیمانی، سەرۆکی فەیلەقی قودسی ئێران کرانە ئامانجی ئەمەریکا و لە بەغدا کوژران.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 19ـ 5-2020) لەبارەی رووداوەکەی دوێنێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لەکاتێکدا جەخت لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەینەوە، هەموو جۆرە دەستدرێژی و رێکارێکی نایاسایی دژی هۆکارەکانی راگەیاند و موڵکی تایبەت و گشتیش رەتدەکەینەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین".
هۆکاری توڕەبوون و هێرشی ئەو هاووڵاتییانە بۆ سەر ستۆدیۆکانی کەناڵی ئێم بی سی عێراق ئەوەبوو، کە کەناڵەکە لە بەرنامەیەکیدا بەمشێوەیە باسی کوژرانی بەلقیس راوی، هاوسەری شاعیری ناسراوی سووری، نزار قەبانی کردبوو: بەلقیس لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت لە ساڵی 1981 کوژرا، پێشکەشکاری بەرنامەکەش باسی لەوە کردبوو هەندێک کەس دەڵێن ئەبو مەهدی موهەندیس دەستی لە داڕشتنی پیلانی ئەو هێرشەدا هەبووە.
رەنگە ئەم رووداوە ببێتە هۆی داخستنی نووسینگەی ئەو کەناڵە سعودیە لە بەغدا، چونکە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی داوای یاسایی لەدژیان تۆمار کردووە.
گرووپی ئێم بی سی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە دەڵێ، ئەوان کێشەکە دەدەنە دەست بەرپرسانی عێراق و "متمانەمان بە بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی عێراق هەیە لە پاراستنی دامەزراوەکەمان، کە بەپێی یاسا لە عێراق کاردەکات".
