مەحما خەلیل: شەرمە بۆ حكومەتی عێراق ھێزێكی بێگانە لە چیای شنگال بێت
نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی نوێی لەبارەی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئیزدییەکان دەستکەوتووە
K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی نوێی لەبارەی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئیزدییەکان دەستکەوتووە. قائیمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، لە شنگال تەنیا مرۆڤ کۆمەڵکوژ نەکرا، بەڵکو جوگرافیا و ئابووریشی. گوتیشی: "شەرمە بۆ حكومەتی عێراق ھێزێكی بێگانە ھاتووەتە چیای شنگال و رێگری لە گەڕانەوەی ھاووڵاتییان دەكات بۆ سەرماڵ و حاڵیان".
مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال لەبارەی ئەو پرسە لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بەشداربوو و رایگەیاند، "لە شنگال تەنیا مرۆڤ کۆمەڵکوژ نەکرا، بەڵکو جوگرافیا، ئابووری و چارەنووسی شنگالیش کۆمەڵکوژران... زۆرباشە کە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەیەک بکەن، ئەوان دوو ملیۆن پەیوەندییان ئەنجامداوە و ژمارەی تەلەفۆنیان دەستکەوتووە، (بەشێکی چەکدارانی داعش) ریشی خۆیان تاشیوە و کراسی خۆیان گۆڕیوە، بە شەو دەبنە مەدەنی و بە رۆژ دەبنەوە داعش".
قائیمقامی شنگال هەروەها گوتی: "ئێمە زانیاریمان هەیە تاوەکو ئێستا 700 کچی ئێزدی لە مووسڵ، لە ناو هۆزه عەرەبەکانی شنگال هەن، ئەوەی بەسەری ئێزدیاندا هاتووە لە سەدەی بیستەم بەسەر کەسدا نەهاتووە، شەرمە بۆ وڵاتە زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کە ناتوانن مافی کەمینەیەکی ئاینی بپارێزن".
قائیمقامی شنگال باسی لە هۆکاری نەگەڕانەوەی ئێزدییەکان کرد بۆ سەر ماڵ و حاڵیان لە شنگال و جەختیکردەوە لەوەی "شەرمە بۆ حکومەتی عێراق کە هێزێکی بێگانە هاتووەتە چیای شنگال، تونێل و کون هەڵدەکەنن و ناهێڵن ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. ئێمە زانیاریمان هەیە خێزانی چەکدارانی داعش کە هاتوونەتە عێراق و خەڵکی عێراقیان کوشتووە، مافی خۆیان لە عێراق وەردەگرن، کەچی شنگالی و ئێزدییەکان مافی خۆیان وەرنەگرتووە".
نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی نوێی لەبارەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەدەستی چەکدارانی داعش دەستکەوتووە.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس، تیمیکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەکانی رابردوودا دوو ملیۆن پەیوەندیی تەلەفۆنییان بۆ شاهێدحاڵان و قوربانییانی کۆمەڵکوژی ئێزدییان کردووە و چەندین بەڵگەی نوێیان لەبارەی ئەو تاوانانە دەستکەوتووە.
ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ بە سەدان بەڵگە لە تەلەفۆن و ئامێرەکانی تۆمارکردنی دەنگ و چەندین شتی دیکەی چەکدارانی داعش لەدەست حکومەتی عێراق هەن و بە هاوکاریی ئەوان، دەتوانن هەنگاوێکی گرنگ بنێن لە ئاشکراکردنی تاوانەکانی داعش.
تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکات و چاوەڕێی دەرچوونی یاسایەکە بۆ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کە چەکدارانی داعش ئەنجامیانداوە.
رێکخراوی داعش شەش هەزار و 417 ئێزدی بێسەروشوێن کرد، بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 530 کەسیان رزگارکراون، بەڵام هێشتا 2 هەزار و 887 کەسیان چارەنووسیان نادیارە، هەروەها بەگشتی 80 گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان لە دەوروبەری شنگال دۆزراونەتەوە.