توێژەران، نەخۆشی کۆڤیدی درێژخایەن لە پەردەی مێشکدا دەدۆزنەوە

توێژینەوەیەکی زانستی: کۆڤیدی درێژخایەن کاریگەرییەکانی بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت

سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا، بەڵام زاناکان لە توێژینەوە زانستییەکانیان بەردەوامن بۆ بە دەستهێنانی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو ڤایرۆسەی کە ماوەیەک جیهانی پەکخست و ئاشکراکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر جەستەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە.

یەکێک لەو لێکەوتانەی کۆرۆنا بەم دوایانە بۆ توێژەران ئاشکرا بووە، ئەوەیە ئەگەری هەیە ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی هەوکردنێکی توند بوون، ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی ناوەندی کۆنترۆڵی مێشک، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەناسەتەنگی، زوو ماندووبوون و دڵەڕاوکێ.

لە پشکنینی مۆگناتیسی MRIی 30 تووشبووی خەوێنراو لە نەخۆشخانەکان بەر لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، دەرکەوتووە هەوکردنێکی بچووکی لەسەر پەردەی مێشک دروست کردووە.

بە بڕوای توێژەران، ئەگەرچی هەوکردنەکە بچووکیش بێت، بەڵام کاریگەری خۆی هەر دەبێت، چونکە کۆنترۆڵی ئەرکەکانی جەستە دەکات لەوانە هەناسەدان، لێدان و جوڵەی خوێن.

توێژینەوەکە زانستییەکە لە گۆڤاری "Brain"  بڵاوکراوەتەوە و دەریخستووە، کە تووشبوونی قورس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆی هەوکردنی پەردەی مێشک و ڕەنگە تا چەند مانگێک دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە کاریگەریی و نیشانەکانی هەر بەردەوام بێت.

لەمبارەوە کاتارینا ڕۆی، پسپۆڕی مێشک لە زانکۆی کامبرێج و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەمە ڕاستییەیەکە کە ئێمە شێواوییەک لەو بەشەی مێشک بەدیمان کردووە کە پەیوەندی بە هەناسەدانەوە هەیە، ئەمەش دەریدەخات کە هەوکردنی پەردەی مێشک، پاش تووشبوون بە کۆرۆنا نیشانە و کاریگەرییەکانی درێژخایەنن".

دوای ئەم توێژینەوەیە و دەرکەوتنی ئەو جۆرەی هەوکردنی پەردەی مێشک بەهۆی کۆرۆناوە، توێژەران و پزیشکان ناویان لەو جۆرەی هەوکردنە ناوە "کۆڤیدی درێژخایەن"، چونکە لە دوای چاکبوونەوەی بەشێک لە تووشبووانی کۆرۆنا، هەوکردنی پەردەی مێشک وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن کاریگەری لەسەر دەیان ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا ماوەتەوە.

زۆرێک لە تووشبووانی کۆڤیدی درێژخایەن بەدەست هەناسە تەنگی و ماندووبوونی بەردەوام و لەش داهێزرانەوە بۆ چەند مانگێک هەر شەکەت بوون، هەربۆیە توێژەران دەڵێن: "ئەوانەی ئەم حاڵەتەیان هەبووە بەهۆی کاریگەرییەکانی هەوکردنی مێشکەوە بووە، کە لێکەوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە".

کاتارینا ڕۆی دەڵێت: "ئێمە توێژینەوەمان لەسەر ئەو کەسانە نەکردووە کە تووشی کۆڤیدی درێژخایەن بوون، بەڵام زۆرینەی کات بە دەستی هەناسە تەنگی و ماندووبوونەوە گیرۆدەبوونە، نیشانەکانی حاڵەتەکەش هاوشێوەی ئەوەیە کە نەخۆشێک دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشکەوتنێکی سەخت و مانەوەی بۆ شەش مانگ لە نەخۆشخانە دەرچوو بێت".

هەروەها ئاماژەی داوە، ئەو هەوکردنەی پەردەی مێشک بە ئامێری تیشکی مۆگناتیسی MIR لە چەند بەشێکی پەردەی مێشکدا چەند هەفتەیەک پاش خەوتنی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە دەرکەوتووە، بەڵام دوای شەش مانگ زیانەکانی هەوکردنەکە لە پشکنینەکاندا هەر دیار بوون.

هەروەها پۆل مۆلینز، پرۆفیسۆری وێنەگرتنی دەمار لە زانکۆی بانگۆر لە وێڵز دەڵێت: "هەرچەندە ئەم توێژینەوەیە هۆکارەکانی کۆرۆنا درێژخایەن ناسەلمێنێت، بەڵام پەنجە دەخاتە سەر یەکێک لە هۆکارە گومانلێکراوەکانی هەندێک لەو نیشانانەی کە نەخۆشەکان توشی دەبن.

دەشڵێت: هەرچەند ڕوون نەبووە، کە ئەم توێژینەوەیە چەندە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەیەکی درێژخایەن لە دژی کۆرۆنا، بەڵام لەوانەیە یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ چارەکردنی هەوکردن لە کاتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

بە گوێرەی ئامارەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەکەی  شاری ووهانی چین بوو لە ساڵی 2019، تاوەکوو ناوەڕاستی نیسانی 2024 لە سەرتاسەری جیهان 704 ملیۆن و 753 و 890 کەیسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، هەروا حەوت ملیۆن و 10 هەزار و 681 کەس بە ڤایرۆسەکە مردوون، لە ئاستی جیهاندا زۆرترین تووشبوونی کۆرۆنا لە ئەمەریکا و هیندستان و فەرەنسا تۆمار کراوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment