412 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

412 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 08-10-2024، بڕی 412 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق". 

ئەمە لە کاتێکدایە، چوارشەممەی ڕابردوو، 02-10-2024، بڕی 598 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست؛ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی پێنجشەممە، 03-10-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی خشتەی مووچەی ئاب (هەشت)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی خشتەکە، ڕۆژی هەینی، 04-10-2024، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینی شارستانی دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ سێشەممەش، 08-10-2024، بە دابەشکردنی مووچەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت.

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.