بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت
45 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-10-2024، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی 45 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دا.
پارەکە وەکوو ئەوەی سەروەر هاواری باسی کرد، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراوە: سلێمانی 20 ملیار، هەولێر 15 ملیار و دهۆکیش 10 ملیار دینار.
ڕۆژی 06ـی حوزەیرانی ئەمساڵ حکوومەتی عێراق دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆسەکە تاوەکوو 20ی تەممووز بەردەوام بوو.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە دوو قۆناغی جیاوازدا، 200 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستە کۆی پارەکەی خەرج نەکردووە.
لەو ماوەیەدا، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن گەنم وەرگیرا کە بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار بوو.
ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیاران کەم بوو، بۆیە حکوومەتی فیدراڵی بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.