دوای 32 ساڵ منداڵێکی رفێندراو بە دایک و باوکی شاد دەبێتەوە
دیمەنی ساتی بە یەکتر شادبوونەوەیان ببینە
K24 – ههولێر:
لە ساڵی 1988، ماو ینی تەمەن دوو ساڵ دەڕفێنرێت، دایک و باوکی 100 هەزار فڵایەر و پۆستەر بڵاودەکەنەوە، بەڵام منداڵەکەیان نادۆزنەوە، ئێستا دوای 32 ساڵ ئەو خێزانە بە یەکتر شاد دەبنەوە.
لە 17ـی ئۆکتۆبەری 1988، ماو ژینجینگ، کوڕە دوو ساڵانەکەی لە دایەنگە دەهێنایەوە لە شاری زیان سەر بە هەرێمی شانزی، کوڕەکەی بە باوکی دەڵێت، تینویەتی و دەیەوێت ئاو بخواتەوە، باوکیشی لە نزیک هۆتێلێک دەوەستێت و دەیەوێت ئاوی بۆ بهێنێت، کە دێتەوە دەبینێت کوڕەکەی دیار نەماوە.
دایک و باوکی ماو ین تەواوی شارەکە دەگەڕێن، پۆست و فڵایەر لە هەموو شوێنێک هەڵدواسن، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەست ناکەوێت.
لە چەند پارێزگایەکی دیکەی چین، ئەو دایک و باوکە، بانگەواز بڵاودەکەنەوە، تەنانەت لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی چین بە ناوی ئێکس فاکتەر، پەیامەکەی خۆیان بەناو چیندا بڵاوکردەوە.
چۆن دۆزرایەوە؟
مانگی چواری ئەمساڵ، پۆلیس زانیاری لە بارەی کەسێک پەیدا دەکات کە منداڵێکی هەڵگرتووەتەوە، دواتر دەچنە لای و پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دەکەن، لە پشکنینەکە دەردەچێت، ئەو کەسە (ماو ین)ـە.
ماو ین بە ژن و مێردێک بە بڕی 840 دۆلار (شەش هەزار یاون) فرۆشراوە کە منداڵیان نەبووە، ئێستاش ئەو گەنجە تەمەن 34 ساڵە، خاوەنی دوکانێکی دیکۆراتە لە هەرێمی سێچوان کە هەزار کیلۆمەترلە دایک و باوکی راستەقینەی دوورە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی بی بی سی، پۆلیس ئامادە نەبووە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو ژن و مێردەی منداڵەکەیان کڕیوە ئاشکرا بکات، هەروەها دزەکانیش هێشتا دەستگیر نەکراون.
لی جینگژی، دایکی ماو ین، لە ساڵی 2007ـەوە هاوکاری رێکخراوێک دەکات کە کار بۆ ئەو کەسانە دەکەن، منداڵەکانیان لێ ونبووە، چونکە لە چین ئەو حاڵەتانە زۆرن.
دیاردەی بازرگانیکرد بە منداڵ لە چین
ئەگەرچی هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نییە، بەڵام بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەو رێکخراوە لی کاری لێ دەکات بە ناوی "منداڵەکەم وەرەوە ماڵەوە"، 14 هەزار و 893 کەس بە دوای منداڵی کوڕ و حەوت هەزار و 411 کەس بە دوای منداڵی کچدا دەگەڕێن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2015، ساڵانە 20 هەزار منداڵ لە چین دەڕفێندرێن.