بەم نزیکانە سێوی بەرواری باڵا هەناردە دەکرێت
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕاگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا سێوی بەرواری باڵا، کە هی شارۆچکەی "کانی ماسێ"یە هەناردەی ئیمارات دەکرێت.
پێنجشەممە، 10ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکەین بەرهەمی سێوی بەرواری باڵا کە هی شارۆچکەی "کانی ماسێ"یە بۆ ئەمساڵ 10 هەزار تۆن بێت و بەم نزیکانەش هەناردەی ئیماراتی دەکەین".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: "ئێستا وەرزی سێو لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، ئەو سێوانەی کە باشن بۆ هەناردەکردن لە کۆگاکان، پڕۆسەی لە پاکەتکردنیان ماوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بابەتی دیکە بەکاری دەهێنین، ئەو پرۆسەیە تەواو بێت، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەمان کۆمپانیا KH هەناردەی ئیماراتی دەکەین".
لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، جگە لە سێو، چەندان جۆر بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی وەک پەتاتە، هەنار، هەنجیر، گوێز، هەناردە دەکرێن.